ئازادكردنی شنگال لە 13ی نۆڤێمبەری 2015دا، ڕووداوێكی گرنگی مێژوویی بوو، شارێك كە دوای جینۆسایدی ئابی 2014 و كۆنتڕۆڵكردنی لەلایەن داعش، بە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی پێشمەرگە و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئازاد كرایەوە.
ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگال لە 12ی نۆڤێمبەری 2015 دەستی پێ كرد، هەزاران پێشمەرگە بە پشتگیریی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان، بە ڕێبەرایەتی ئەمەریكا، لە چەند ئاراستەیەكەوە پێشڕەوییان كرد و ڕێگای ستراتیجییان كە مووسڵی بە ڕەقەوە دەبەستەوە، كۆنتڕۆڵ كرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەوكاتەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا، ئۆپەراسیۆنەكە ئامانجی لاوازكردنی هێزی داعش و بڕینی هێڵی پشتیوانی و گواستنەوەی چەك و چەكدارەكانی هەبوو.
سەرۆك بارزانی، سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە13ی نۆڤێمبەر، ئازادكردنی شنگالی ڕاگەیاند و گوتی، بەڵێنمان بە خەڵكی كوردستان دابوو شنگال ئازاد دەكەین، ئەمڕۆ بەڵێنەكەمان جێبەجێ دەكەین، دڵنیایی بە ئێزدییەكان دەدەین كە تەنها نین، ئێمە لەگەڵیانین.
ئەو سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیشی كرد بۆ پشتگیریی ئاسمانی لە ئۆپەراسیۆنەكەدا.
مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەوكاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و نەخشەداڕێژەری ئۆپۆراسیۆنەكانی ئازادكردنی شنگال، لە 14ی نۆڤێمبەر لە گفتوگۆیەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ CNN، پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی ئێزدییەكان كرد و گوتی، شنگال و نزیكەی 28 گوندی دەوروبەری ئازاد كراون.
مەسروور بارزانی دووپاتی كردەوە كە دوای ئازادكردن، گرنگترین ئەرك پاراستنی ناوچەكە و دابینكردنی ئاسایش و دەستپێكردنی پرۆسەی بنیاتنانەوەی شنگالە، هەروەها یارمەتیدانی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ و موڵكیان.
لەوكاتەوەیش مەسروور بارزانی بە هەموو توانایەوە پشتگیری ئێزدییەكان دەكات، تا ئەو ئاستەی كە ئێستە مانگانە دەرماڵەیەكی تایبەت دەداتە ئێزدییەكان. ئەوە جیا لەوەی چەندان خزمەتی تری گەیاندووەتە شنگال و ئەو سنوورانەی كە ئێزدییەكان تێیدا دەژین.
ئازادكردنی شنگال كۆتایی بە دەسەڵاتی داعش بەسەر شارەكەدا هێنا، ڕێگای گەڕانەوەی ئاوارەكانی كردەوە و هیوای زیندووكردنەوەی ژیان لە زێدی ئێزدییەكانی گەڕاندەوە.
13ی نۆڤێمبەر بۆ ئێزدییەكان ڕۆژێكی مێژووییە، ڕۆژێك كە شنگال لە دەستی داعش دەرهێنرا و هیوای گەڕانەوەی ژیان بۆ كۆمەڵگەیەكی قوربانیی جینۆساید زیندوو كرایەوە.
ئازادكردنی شارەكە تەنیا یەك قۆناغ بوو، قۆناغی دوای ئەوە، ئاوەدانكردنەوە، گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و دابینكردنی ئاسایش و ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكی شنگال بوو.
ئێستەیش فریادەڕەسی كوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رۆڵی گەورەی بۆ پێشڤەچوونی ئێزدییەكان هەیە و وەك هەمیشەیش پێكەوەژیانی كردووەتە بنەمای كارەكانی.















Leave a Reply