ئێستە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، 20 سەنتەری شوشتنی گورچیلە هەن كە بە ئامێری پێشكەوتوو و نوێترین تەكنەلۆجیای پزیشكی، بەشێوەیەكی بەردەوام و شەو و ڕۆژ بێ وەستان خزمەت بە نەخۆشان دەكەن، بەجۆرێك تێكڕایان مانگانە 14 هەزار شوشتنەوەی گورچیلە بۆ چارەخوازان دەكەن.
شوشتنی گورچیلە یەكێَكە لە چارەسەرییە قورسەكانی نەخۆشییەكانی گورچیلە، حكوومەتی هەرێم لە نەخۆشخانەكانی بەكەمترین تێچوو ئەنجامی دەدات، لە كاتێكدا چارەسەركردنی ئەو نەخۆشییە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان تێچووەكەی زۆرە.
بەپێی بەدواداچوونێكی “وشە” تێچووی چارەسەر بۆ نەخۆشانی سستبوونی گورچیلە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان بە پشكنینەوە، زیاتر لە 450 هەزار دینارە كە نەخۆشەكان هەفتەی جارێك، هەشیانە زیاتر پێویستیانە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانیدا لە ڕێگەی نەخۆشخانەكانیەوە، لە سەرانسەری شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا، خزمەت بە چارەخوازانی سستبوونی گورچیلە دەكات و تێچووكەی لە ئەستۆ گرتووە، نەك تەنیا تێچووی شوشتنەوە، بەڵكو سەرجەم پشكنینە ڕۆژانە و مانگانەكان و پێدانی دەرمانی پێویست بێ بەرانبەر پێشكەش دەكەن.
بەپێی ئامارەكان، ئێستە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا 20 سەنتەری شوشتنی گورچیلە هەن، كە بە ئامێری پێشكەوتوو و نوێترین تەكنەلۆجیای پزیشكی بەشێوەیەكی بەردەوام و شەو و ڕۆژ بێ وەستان خزمەت بە نەخۆشان دەكەن، بەجۆرێك تێكڕایان مانگانە 14 هەزار پرۆسەی شوشتنەوەی گورچیلە بۆ چارەخوازان دەكەن.















Leave a Reply