چەند توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكەن، خێرایی رێكردن ئاماژەیەكە بۆ تەندروستی گشتی لەش و درێژی تەمەنی مرۆڤ و كاركردنی ئاسایی سیستمەكانی لەش.
لە توێژینەوەیەكی نوێ كە 4067 كەسی گرتەوە، سەرنج خرایە سەر ئەوەی ئاخۆ خێرایی رێكردنی مرۆڤ پێوەندی بە ئەگەری مردن بە تێپەڕبوونی كاتەوە چییە؟، بەشداران لە بەریتانیا تاقیكردنەوەی كورتخایەنیان لەسەر شێوازی رێكردن ئەنجام دا، ئەوان ئامێری بەدواداچوونی جەستەییان بۆ ماوەی نۆ رۆژ لە مەچەكیان لێ بەسترا، بۆ چاودێریكردنی خێرایی رێكردنیان لە ژیانی رۆژانەیان.
لە ماوەی 12 ساڵ چاودێری، دەركەوت كە خێرایی رێكردن پێوەندی بە كەمبوونەوەی تێكڕای مردنەوە هەیە، لە ماوەی توێژینەوەكە 730 كەسیان مردن، د. بیس تمبلین سەرۆكی ناوەندی هاوس فیت بۆ چارەسەری سروشتی و توانای جەستەیی لە ئەمەریكا دەڵێت، دەكرێ خێرا رێكردن وێنەیەكی فرەوانتر لەبارەی توانای كاركردن و فەرمانەكانی لەش پێشان بدات.
زیاتر گوتی، لە بواری چارەسەری سروشتی، رێكردن بە “شەشەم پێوەری زیندەیی” دادەنێین، چونكە ئاماژەیەكی خێرایە بۆ ئاستی توانا و باشی كاركردنی سیستمە جیاوازەكانی لەش، ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە دەكرێ گۆڕانكاری لە خێرایی رێكردن ئاماژەیەك بێت بۆ دۆخی تەندروستی كەسەكە، چونكە بۆ رۆیشتنێكی خێرا، پێویستیت بە دوو قاچی بەهێز و دڵ و دوو سی تەندروست و هاوسەنگییەكی باش و مێشك و كۆئەندامی دەماری رێكخەری ئەو كارانە هەیە، كەمبوونەوەی خێرایی راكردنیش، ئاماژەیەكە بۆ كەمبوونەوەی توانای كاركردنی یەكێك یان زیاتر لە سیستمەكانی لەش.












Leave a Reply