“رووناكی لە كاتی نوستن مەترسییەكی شاراوەیە بۆ سەر دڵ”

بینەر: (8)

توێژینەوەیەكی نوێ دەری خستووە، تەنانەت بوونی ڕووناكییەكی كەم لە كاتی نوستن، دەكرێت كاریگەری لەسەر شێواز و كاركردنی ماسولكەكانی دڵ هەبێت و ببیتە هۆی ئەگەری زیاتری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ لە داهاتوودا.

د. لو چی پڕۆفیسۆر و بەڕێوبەری سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی تولەین، نووسەری سەرەكی توێژینەوەكە، ئاماژەی بەوە كرد كە ڕووناكی دەستكرد، وەك ڕێگەیەكی نوێی مەترسی بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان دەركەوتووە.

زیاتر گوتی، تویژینەوەكانی ئێمە لەگەڵ بەڵگەكان كە لە توێژینەوەكانی تر وەرگیراون، پێشنیازی كەمكردنەوەی ڕووناكی دەكەن لە كاتی شەودا، وەك ڕێگەیەك بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەكانی دڵ.

لەم توێژینەوەیەدا توێژەرەكان بۆیان دەركەوت ئەو كەسانەی ڕووناكی زیاتر لە سێ لوكس لە ژوورەكەیان لە كاتی نوستن هەبووە، ماسولكەكانی دیواری دڵیان بە ڕێگەیەك ئەستوور بووە كە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی كاریگەریی چاڵاكییەكانی دڵ، لەگەڵ ڕووناكی زیاتر لە ژوورەكانیان زیانەكان زیاتر بووە.

نموونە بۆ ڕووناكی زیادە دەكرێت ڕووناكی مۆبایلی زیرەك و تیشكی كاتژمێری دیجیتاڵی یان ڕووناكی تری دەرەكی بێت.

پسپۆڕان پێیان وایە ڕێگریكردن لە بوونی ڕووناكی لە شەودا كارێكی ئاسانە، دەتوانیت لە رێگەی پەردەیەكی گونجاو پەنجەرەكان بگریت و لەبیری نەكەیت بەیانیان بیكەیتەوە، بۆ ئەوەی ڕووناكی خۆر لێت بدات، كە یارمەتی ڕێكخستنی كاتژمێری بایۆلۆجی جەستە دەدات.

ئەگەر پێویستت بە ڕووناكی بوو لە شەودا با ڕووناكییەكی زۆر نەبێت و ئەو ڕووناكییانە باشترن كە ڕەنگی سوور و قاوەیین، چونكە پلەی گەرمییان كەمترە.

و: ئەوین مەحموود

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *