دوای بردنەوەیان.. دیموكراتەكان چۆن كۆتایی بە شەڕی ئێران دێنن؟

بینەر: (303)

دوای ئەوەی دیموكراتەكان سەركەوتنێكی گەورەیان لە هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێس بەدەست هێنا و زۆرینەیان لە هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمەریكا لەسەر حیسابی كۆمارییەكان دەستەبەر كرد، ئێستە ئەوان توانایەكی زیاتریان بۆ بەربەستكردنی ئەجینداكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەیە، لەوانە بەردەوامی شەڕی ئێران، كە رەنگە ببێتە یەكێك لە سەرەكیترین خاڵی گرنگیدانی دیموكراتەكان لە قۆناغی داهاتوودا.

ئەگەرچی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمەریكا دەتوانێت مافی ڤیتۆ لە دژی هەر بڕیارێكی حزبی لە كۆنگرێس بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ بەكار بێنێت، راپۆرتێكی “تایمز ئۆف ئیسرائیل”، رووناكی دەخاتە سەر سێ بژارە لەبەردەم دیموكراتەكان بۆ كۆتاهێنان بە شەڕی ئێران ئەوانیش:

یەكەم/ كە روونترینیانە، بریتییە لە بەكارهێنانی دەسەڵاتی یاسادانانی لە كۆنگرێس و ئەوەش بە چەند رێگەیەك دەبێت، لەوانە دەركردنی بڕیارێك بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ، كە كۆنگرێس بە كردەنی لە حوزەیرانی رابردوو بە پاڵپشتی هەندێك لە كۆمارییەكان ویستی ئەوە بكات، داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكای لە شەڕی دژ بە ئێران كرد، یان وەرگرتنی رەزامەندی كۆنگرێس بەر لە بەردەوامبوون لە شەڕ، بەڵام ترەمپ بڕیارەكەی پشتگوێ خست، ئەگەر دووبارە بكرێتەوە، رەنگە ترەمپ بە ڤیتۆ رووبەڕووی ببێتەوە، بۆ ئەوەشی دیموكراتەكان ڤیتۆكە بشكێنن، پێویستیان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ لە هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران هەیە، واتە ژمارەیەكی زۆری كۆمارییەكان دەنگ دژی ترەمپ بدەن و ئەوەش زەحمەتە.

دووەم/ لێكۆڵینەوەی دارایی و لێپرسینەوەی لەگەڵ بەرپرسان، دیموكراتەكان دەتوانن دەست بە زنجیرەیەك لێكۆڵینەوە لە ناو كۆنگرێس لەبارەی شێوازی ئیدارەدانی ترەمپ بۆ شەڕی دژ بە ئێران بكەن، لەوانە سازكردنی دانیشتنی گوێگرتنی ئاشكرا و دەركردنی فەرمانی بانگكردنی بەرپرسان و داوای پێشكەشكردنی بەڵگەنامە و تۆمار لە ئیدارەی ئەمەریكی، رەنگە هەوڵی دوورخستنەوەی ژمارەیەك بەرپرسی باڵای ئیدارەی ترەمپ بدەن، لەوانە پیت هیگسیس وەزیری جەنگ، بەڵام بنەما یاساییەكانی دەست پێكردنی ئەو رێوشوێنانە تا ئێستە روون نییە و هێشتا لادانی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ پێویستی بە دەنگی كۆمارییەكان هەیە و كاتێكی زۆریشی دەوێت، بۆیە ناتوانن شەڕەكە بە خێرایی بوەستێنن.

سێیەم/ دەسەڵاتی پارە و چەك، نزیكترین بژارەی بەردەم كۆنگرێس بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ بە خێرایی، بریتییە لە بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتەی دەستووری ئەمەریكا بۆ دەسەڵاتی یاسادانانی لەبارەی خەرجییە گشتییەكان فەراهەم كردووە، كە تیایدا هاتووە، نابێت هیچ بڕە پارەیەك لە گەنجینەی دەوڵەت تەنیا وەك ئەوەی یاسا دیاری كردووە رابكێشرێت، واتە “دەسەڵاتی دارایی”، توانای كۆنگرێس بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو پارەی حكوومەتی فیدراڵی توانای خەرجكردنی هەیە.

هەر دوای دەستبەكاربوونی ئەندامانی نوێی كۆنگرێس لە كانوونی دووەمی داهاتوو، هەر بڕە پارەیەك وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا سەر بە ئیدارەی ترەمپ داوای بكات، پێویستی بە رەزامەندیی هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران هەیە، بۆیە كۆنگرێس، كە دیموكراتەكان بەسەریدا زاڵ دەبن، دەتوانێت بڕگەیەك بخاتە ناو بودجەی بەرگری بە قەدەغەی بەكارهێنانی پارەی تەرخانكراو بۆ وەزارەتەكە لە هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران.

لە رووی تیۆرییەوە، دەكرێ ئەو كارە ببێتە هۆی بێبەشكردنی ئیدارەی ئەمەریكا لە پارەی پێویست بۆ بەردەوامبوونی شەڕ، بەڵام ترەمپ دەتوانێت مافی ڤیتۆ لە دژی پڕۆژەباسای بودجە بەكار بێنێت كە ئەو بەندە لەخۆی دەگرێت، لەو حاڵەتەش رەتكردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەكە، رەنگە ببێتە هۆی وەستانی خەرجكردنی مووچەی سوپای ئەمەریكا، ئەوەش ناكۆكی لەسەر شەڕی ئێران بۆ تەنگژەیەكی فرەوانی سیاسی دەگۆڕێت، بۆیە ئاخۆ دیموكراتەكان ئامادەن متمانەی سیاسیی خۆیان بخەنە مەترسییەوە، ئەگەر بە تایبەتی ئەگەر ترەمپ ئەوانی بە دەستبەرداربوون لە سەربازانی ئەمەریكا تۆمەتبار كرد؟

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *