دوای شكستی كۆمارییەكان.. چی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت؟

بینەر: (254)

ئەو شكستە گەورەیەی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەیی تووشی هاتن و بردنەوەی زۆرینەی كورسییەكانی كۆنگرێس و سێنات لەلایەن دیموكراتەكانەوە، دۆسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە بەردەم لێكدانەوە و هاوكێشەی نوێ لە واشنتنەوە، لە دوو ساڵی ڕابردوودا ترەمپ سیاسەت و بڕیارەكانی بە پشتیوانی زۆرینەی كۆمارییەكان لە كۆنگرێس و سێنات دەدا، بەڵام ئەوە چیتر بوونی نامێنێت، كەواتە چی چاوەڕوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و چی ڕوو دەدات؟.

چەندان دۆسیەی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن كە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ئەمەریكاوە هەیە، لەوانە جەنگ لە دژی ئێران، پشتیوانی سەربازیی واشنتن لە ئیسرائیل و هاوئاهەنگی تەناهی و پاراستنی وڵاتانی كەنداو، بەڵام ئایا دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن گوشاری ناوخۆ لەسەر ترەمپ زۆر دەكات، تا لەو دۆسیانە بە دەرئەنجامێكی مامناوەند و ئاشتیانە بگات، یان سوور دەبێ لەسەر بەردەوامبوون لە بەكارهێنانی بژارەی سەربازی.

سەرۆك سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی زۆر فراوانی لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵات هەیە، بەڵام لە بەرانبەردا كۆنگرێس ئامرازی كاریگەریی زۆری لە پارەداركردن و یاسا و چاودێریكردنی حكوومەت بە دەستەوەیە، ئەو هاوكێشەیە ئەوە دەسەلمێنێت كە حكوومەتی ترەمپ مەودای ئازادی كاركردنی بە تەواوی بەرتەسك دەكرێتەوە و ئەگەری زۆرە هەڵگەڕانەوەیەكی ڕاستەوخۆ و پەلە لە سیاسەتی ئەمەریكا بەرانبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو بدات.

دۆسیەی جەنگ دژی ئێران یەكێكە لە دۆسیە هەرە گرنگەكان و كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەكانیش دانا، بەهۆی ئەوەی پێوەندیی بە ئابووری ئەمەریكا و گرانكردنی تێچووی ژیانی خەڵكی ئەو وڵاتە هەیە، دیموكراتەكانیش لە كەمپەینی هەڵبژاردن بەردەوام بەڵێنی كەمكردنەوەی نرخەكان و نەهێشتنی گرانی ژیانكردنیان بە خەڵك دەدات، ئەمەیش بەشێكی لە ڕێی كۆتاهێنان بە جەنگی ئێران كۆتایی دێت.

دیموكراتەكان پێشتریش بەرهەڵستكاری سەرەكی بەردەوامیدان بە جەنگی وڵاتەكەیان دژی ئێران بوون، بەڵام ئێستە ئامراز و دەنگی پێویستیان دەبێ بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ حكوومەتی ترەمپ و پێداچوونەوە بە داواكانی كۆشكی سپی لە پارەداركردن، بەڵام گوشاری كۆنگرێس ناتوانێ هەڵمەتی سەربازی بوەستێنێت كە سەرۆك فەرمانی پێ كردووە و بەردەوامی هەیە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی پەیمانگەی چاتام هاوس هەوڵەكانی سنوورداركردنی بەكارهێنانی هێز ڕووبەڕووی كۆسپی سیاسی و یاسایی دەبێتەوە، بەشێوەیەكی سەرەكیش كاریگەریی لەسەر تێچوو و پارەداركردنەكان دادەنێت، بۆیە ئەمە ئەستەمە بە بڕیارێكی كەسی و فەرمی بوەستێنرێ و كۆتایی بێت.

بابەتێكی تر بریتییە لە هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل، بەگوێرەی ڕاپرسییەكی پێشووی ئەنجوومەنی شیكاگۆ بۆ كاروباری جیهانی، 72%ی دیموكراتەكان لەگەڵ ئەوەن كۆمەك و هاوكارییەكانی واشنتن بۆ تەلئەبیب كەم بكرێتەوە، وەك هەنگاوێك بۆ بەدەمەوەهاتنی ئەو داوایەی دیموكراتەكان، ترەمپ دوێنێ سێشەم لە ڕۆژی هەڵبژاردن دووپاتی كردەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هاوكارییەكانی بۆ ئیسرائیل دەوەستێنێت.

ئەو پێشهاتە نوێیە لە كاتێكدایە، بڕیارە ئەمەریكا لە 2027 بە گوژمەی چوار ملیار دۆلار چەك و كەلوپەلی سەربازی بۆ ئیسرائیل ڕەوانە بكات و زۆرترین چەكی ئەمەریكا بگاتە ئەو وڵاتە.

لە غەزە گوشارەكان بۆ ناردنی كۆمەكی مرۆیی زیاتر و ڕێگری لە بەكارهێنانی هێز لە ناوچەكە بەردەوامیان هەیە، بەو ئامانجەی دۆخی ئەو ناوچەیە ئاسایی بێتەوە و دانوستان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بە ناوەندگیریی ئەمەریكا بەردەوامی پێ بدرێت.

بۆ وڵاتانی كەنداو تاقیكردنەوەی ڕاستەقینە ئاراستەی ڕووبەڕووبوونەوەكانە لەگەڵ ئێران، نەك ناسنامەی حزبی براوە بە تەنیا، بگرە سیاسەتی دەرەوەی حكوومەت بەلای كەنداوەوە گرنگە، لەلایەكەوە نیگەرانن لە دەستپێكردنەوەی هێرشەكان، وەڵامدانەوەی توندی ئێران بەرانبەر بە هەر هێرشێك.

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر تاران بە وردی هەڕەشەی لە ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداوی هاوپەیمانی ئەمەریكای لە ناوچەكە كردبوو، ئەمەیش مانای ئەوە دەگەیەنێت دووبارە هێرش دەكرێتە سەر كەنداو، بۆ ئەمەیش وڵاتانی كەنداو پێویستیان بە كۆمەك و یارمەتیی ئەمەریكایە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *