لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تەنیا سێ یاسای لە كۆی دەیان پڕۆژەیاسا دەركردووە، سەرەڕای ئەوەی دەیان دانیشتنی ئەنجام داوە و دۆسیە گرنگەكانی پێوەست بە خزمەتگوزاری و مافی خەڵكی پەراوێز خستووە، چەندان ساڵە ئەو پڕۆژەیاسایانەی پێوەستن بە ژیانی خەڵكەوە، بەهۆی ناكۆكیی سیاسییەوە پەراوێز خراون.
بەگوێرەی داتاكانی ڕوانگەی پەرلەمانتاری لە عێراق، لە 10 مانگی ڕابردوودا 69 پڕۆژەیاسا لە بەردەم پەرلەمانی عێراق بووە، بەڵام تەنیا سێیان كارەكانیان تەواو كراوە و وەك یاسا دەركراون. ئەمەیش لە كاتێكدایە 300 ڕۆژە خولی نوێی پەرلەمان پێكهێنراوە و لە كاركردن بەردەوامە.
ئەم دیاردەیە هەر لەم خولەی پەرلەماندا بوونی نییە، بگرە لە دوای 2014ەوە خول دوای خول ژمارەی یاسا دەركراوەكان كەمتر و كەمتر دەبنەوە، لە 2010 تا 2014 نزیكەی 216 یاسا دەركراون، لە خولی 2014 تا 2018 تەنیا 165 یاسا و لە خولی 2018 تا 2022 91 یاسا و خولی 2022 تا 2025 تەنیا 69 یاسا دەركراون.
موختار مووسەوی پەرلەمانتاری عێراق دەڵێ، ئەو پاشەكشەیە بۆ ناكۆكیی نێوان هێزە سیاسییەكان و دواكەوتنی پیكهێنانی حكوومەت دەگەڕێتەوە، ئەو قسەی بۆ “العربی الجدید” كردووە و دەڵێ، ئەنجوومەنی نوێنەران پێویستە چوار دانیشتن لە هەر هەفتەیەك ئەنجام بدات، بەڵام هەندێك جار چەند هەفتەیەك تێپەڕ دەبێت، بێ ئەوەی هیچ دانیشتنێك ئەنجام بدرێت، بەهۆی ئەوەی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دۆسیە و پڕۆژە پێشنیازكراوەكان نەگەیشتوون بە لێكگەیشتن و ڕێككەوتن.
مووسەوی هێمای بۆ ئەوەیش كرد، زۆر لە پڕۆژەكان خوێندنەوەی یەكەم و دووەمیان بۆ كراوە و چاوەڕوانی ئەوەن بخرێنە دەنگدانەوە، بەشێكیشیان لە خولەكانی پێشووی پەرلەمانەوە دواخراون و بۆ ئەم خولەی ئێستە ماونەتەوە. لە پێش هەموویانەوە یاسای حەشدی شەعبی و یاسای نەوت و گاز، تێپەڕاندنی ئەو یاسایانە ئاسان نییە و ناكۆكی قورس لە نێوان لایەنەكان لەسەر ئەو یاسایە بوونی هەیە.
ماجد شنگالی پەرلەمانتاری پێشوو لەوبارەیەوە گوتی، دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت ڕەنگدانەوەی بەسەر دابەشكردن و پێكهێنانی لیژنەكانی پەرلەمان جێهێشت، هەروەها نەبوونی لێكگەیشتنی نێوان قەوارە سیاسییەكان، هەموو ئەوانە وایكردووە پڕۆژەیاساكان زۆر لەسەرخۆ هەنگاو بەرەوپێشەوە و گەیشتن بە قۆناغی خستنە دەنگدانەوە بنێن.
زیاتر گوتی، ئەو یاسانەیشی كە دەركراون، ئەوانەن كە ناكۆكییان لەسەر نییە، تا ئێستەیش یاسا سەرەكییەكان كە جێی ناكۆكی لایەنەكانن، دوادەخرێن و ناخرێنە كارنامەی دانیشتنەكانەوە، تا ئێستەیش یاسای دادگای فیدراڵی و نەوت و غاز و ئەنجوومەنی فیدراڵی وەك خۆیان ماونەتەوە و هیچ هەنگاوێك بۆ دەركردنیان بوونی نییە.
ئیحسان شمەری سەرۆكی ناوەندی هزری سیاسی و پسپۆری توێژینەوەی ستراتیجی نێودەوڵەتی لە زانكۆی بەغدا دەڵێ، كێشەكە لە سروشت و چۆنیەتیی پێوەندیی نێوان هێزەكانی سیاسی و دەسەڵاتی یاسادانانەوەیە، دەسەڵاتی یاسادانان زۆرتر پێوەست كراوە بە لایەنەكان لەبری ئەوەی پێوەست بكرێ بە ئامانج و كارەكانی خۆیەوە.
ئەو بۆ عەرەبی جەدید گوتی، هێزەكانی سیاسی تا ئێستەیش بە جۆرێك مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان دەكەن، كە دامەزراوەیەكە نابێ بتوانێ گوشاری ڕاستەقینە لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن دروست بكات، یان پڕۆژەیاسا تێپەڕێنێت كە ڕەزامەندیی لایەنەكانی سیاسی لەسەر نەبێت، عورفی سازانی سیاسی و دەستەوارەكان كە لە دەرەوەی پەرلەمان بڕیاریان لەسەر دەدرێت، حوكم بەسەر بڕیاری دەركردنی یاسا و پڕۆژەیاساكان دەدەن.
زیاتر گوتی، دروستكردنی چوارچێوەیەكی سیاسی وەك ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت كە سەرۆكی حزبەكان تێیدا ئەندامن، بریتییە لە جێگرەوەی پەرلەمان، چونكە ئەوان بڕیار دەدەن كام یاسا تێپەڕێنرێ و پرۆسەی یاسادانان چۆن بەڕێوە بچێت، بێ ڕەزامەندیی ئەو سەركردانە، ئەستەمە هیچ پڕۆژەیاسایەك ڕێكارەكان ببڕێ و وەك یاسا دەربكرێت.
ئەمانە وایكردووە توانای پەرلەمانتاران و لیژنەكان لە پێڕەوكردنی دەسەڵات و ئەركەكانیان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ، زۆرترین كاریگەری لەسەر دابنرێت و تەنیا ئەو پڕۆژانەی لە ناو ئەو چوارچێوەیە ڕێكدەخرێ و بڕیاری لەسەر دەدرێ، لیژنەكان و پەرلەمانتاران هیچیان بۆ نامێنێتەوە تەنیا پەسندكردنی ویستی ئەوان و دەنگدان بە پڕۆژەیاساكان بووەتە ئەركی پەرلەمانتاری.
ئەمەیش لە كاتێكدایە بودجەی ئەنجوومەنی نوێنەران ساڵی 2022 گەیشتە 544 ملیار دینار، لە 2023 گەیشتە 582 ملیار دینار، لە 10 مانگی یەكەمی 2024 بودجەی 495 ملیار دینار بۆ پەرلەمان خەرج كراوە. كۆی گشتی بودجەی ئەو 34 مانگەی پەرلەمان گەیشتە تریلیۆنێك و 621 ملیار دیناری عێراقی، لەو ماوەیەیشدا پەرلەمان 132 دانیشتنی ئەنجام داوە و 58 یاسای دەركردووە، واتە 12 ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ هەر دانیشتنێك و 28 ملیار دینار بۆ هەر یاسایەك خەرج كراوە.















Leave a Reply