لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا درۆنەكانی ڕووسیا بە لایەنی كەم 12 كەشتیی بازرگانییان لە دەریای ڕەش كردووەتە ئامانج، ئەو هێرشانە ژمارەیەكی زیاتر كەشتیوانیان كوشتووە، زیاتر لە ژمارەی ئەو كەشتیوانانەی لە شەڕی ئێراندا كوژراون.
ئامانجی ڕووسیا لەو هێرشانە ڕێگریكردنە لە چالاكییە بازرگانییەكان لە بەندەرەكانی ئۆكراینا، كە نزیكەی هەموو دانەوێڵەی ئەو وڵاتەی لێ هەناردە دەكرێت، بەڵام هەندێك لە هێرشەكان لە سنووری ئاوی دوو ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ، رۆمانیا و بولگاریا زۆر نزیك بوون.
زنجیرە هێرشەكەی ڕووسیا دوای چەندین مانگ لە هێرشی ئۆكراینا لە دژی كەشتییەكانی ڕووسیا دەستی پێ كرد، كە بە دەریای ڕەش و نزیكی دەریای ئازۆڤ تێدەپەڕین و لە مانگی ڕابردووەوە هێرشەكانی ڕووسیا بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.
بە پێی ئەو سەرچاوانەی كە لە بەشی گواستنەوە و پارێزگاری كار دەكەن، ڕووسیا چەند جارێك درۆنی ئاوی و ئاسمانی بەیەكەوە بەكار هێناوە، ڕووسیا پەرەی بە بەكارهێنانی درۆنێكی نوێ داوە، كە بە بزوێنەری فڕۆكە بارگاوی دەكرێت، ئەم جۆرە درۆنانە خێراترن و وەستاندنیان بەر لەوەی بگەنە ئامانجەكانیان قورسترە، لەگەڵ ئەوەشدا جۆرێكی تری درۆن بەكار دێنێت كە هێرش دەكاتە سەر ئامانجەكەی لە كاتێكدا ئامانجەكە لە جووڵەدا بێت.
بەپێی ڕێكخراوی خزمەتگوزارییەكانی بەدواداچوونی دەریایی و هەردوو حكوومەتی ڕۆمانیا و بولگاریا، لە هێرشەكانی ئەم دوواییانە بە لایەنی كەم 30 كەشتیوان كوژراون یان دیارنەماون.
لە نوێترین هێرشدا هەفتەی ڕابردوو سێ درۆنی ڕووسی لە كەشتییەكی بارهەڵگریان دا كە لە دەروازەیەكی سنووری ڕۆمانیا نزیك بووبووەوە، فڕۆكەیەكی چاودێریكردنی فڕەنسی گرتەیەكی تۆمار كردووە كە درۆنیكی دەریایی بەرەو كەشتییەكە دەڕوات و نیشانی دەدات كە كەشتییەكە بەر لەوەی بە تەواوی نوقم بێت بۆ یەك لا دەچەمێتەوە، لە كاتی هێرشەكەدا كەشتییەكە تەنیا 25 كیلۆمەتر لە كەناراوەكانی بولگاریا دوور بوو.
لای خۆیەوە ئەندری سیبیها وەزیری دەرەوەی ئۆكراینا ڕای گەیاند، زیادبوونی هێرشەكان بەم دواییانە، دەریای ڕەش دەكەن بە ناوچەیەكی مەترسیدار بۆ گواستنەوەی ئاویی مەدەنی و بازرگانی.
بەپێی كەسانێكی سەر بە حكوومەت، لە ماوەی وەرزی هاویندا ڕووسیا هێرشەكانی بۆ سەر بەندەركانی ئۆكراینا لە دەریای ڕەش زیاد كرد، بە تایبەت لە شاری ئۆدیسا، ئۆكراینا لە مانگی ئەیلول 1.09 ملیۆن تۆن گەنمی هەناردە كردووە، كە دەكاتە نیوەی 2.05 ملیۆن تۆن لە ماوەی ساڵی رابردوو.
ئۆكراینا هەوڵی دا هەناردەكردن بۆ بەندەرە بچووكەكانی سەر ڕووباری دانوب بگوازێتەوە، كە بەشێكی دەكەوێتە نزیك سنوورەكانی ڕۆمانیا، بەڵام هێرشەكانی ڕووسیا لەوێش بەردەوام بوون.
لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی ڕووسیا، وڵاتە ئەوروپییەكان كاردانەوەی جیاوازیان هەبوو، مارك رۆتە سكرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ ئاماژەی بەوە دا كە هاوپەیمانیی نێوان وڵاتانی ناتۆ، ئەوانی لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵات لە ڕووەكانی سیاسی و سەربازییەوە بەهێزتر كردووە، بە تایبەتی وڵاتەكانی نزیك ڕووسیا و ئۆكراینا، لە كاتێكدا هێرشەكانی ڕووسیا لە ناوچەكانی ناتۆ نزیكتر دەبنەوە.
حكوومەتی بولگاریا پێوەندییەكی باشی لەگەڵ ڕووسیا هەیە، ئەوەش وای كردووە بە شێوەیەكی ئاشكرا ڕووسیا بە هێرشەكان تاوانبار نەكات، بەڵام ئاماژەكان دەری دەخەن كە بولگاریا و رۆمانیا هێزەكانی بەرگری ئامادە دەكەن.
و: ئەوین محموود















Leave a Reply