ئۆپراسیۆنێكی ئیسرائیل لە ناوخۆی ئێران.. پلانێكی نەتەنیاهۆ ئاشكرابوو

بینەر: (345)

میدیاكانی ئیسرائیل پەردەیان لەسەر پلانێكی بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و رۆمان گۆفمان سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی مۆساد هەڵدایەوە، وردەكارییەكەی بریتی بوو لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە ناوخۆی ئێران بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل لە 27ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر.

ئەو پلانەی تەلئەبیب بەر لە جێبەجێكردنی ڕەت كرایەوە و ڕێگریی لە جێبەجێكردنی كرا، دوای ئەوەی زانیاری لەسەر ئۆپراسیۆنەكە بە واشنتن گەیشت، هەروەها سەركردە تەناهی و سیاسییەكانی ئیسرائیلیش لە ئەنجامدانی نیگەران بوون، بەهۆی ئەوەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیلی دەهێنایە كایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی كەناڵ 12ی ئیسرائیل، پلانەكە بە نهێنی و پارێزراوی لە ناو بەرپرسە باڵاكانی دەزگەكانی تەناهی ئیسرائیل تاوتوێ كراوە و داڕێژراوە، بەر لەوەی بەرپرسێكی تەناهیی ئیسرائیلی هەڵە بكات و وردەكاریی پلانەكەی گەیاندە واشنتن، ئەوكاتە دەسبەجێ ئەمەریكا هاتووەتە سەر هێڵ و ڕێگریی لە ئەنجامدانی كردووە.

لە ڕاپۆرتەكەدا سروشتی ئۆپراسیۆنەكە و ئامانجەكانی باسی لێوە نەكراوە، سەرچاوەكانیش وردەكاریی تەواوی پلانەكەیان بۆ ئاشكرا نەكراوە و نووسینگەی نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش ڕەتی كردەوە، پلانی هێرشكردنە سەر ئێران بەر لە ئەنجامدانی كنێست بوونی هەبێت.

ئەو زانیارییانە تازە نین كە دووپات لە ناكۆكی جووڵەی سەربازی ئیسرائیل لە دژی ئێران لە ناوخۆی حكوومەت و بەرپرسانی ئیسرائیل دەكەنەوە، لە 25ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری ڕابردوویش ناكۆكی و گفتوگۆی توند لە نێوان بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و ئەیال زامیری سوپاسالاری ئەو وڵاتە، لە پەراوێزی دەركردنی فەرمان و ڕێنوێنی بۆ جووڵەی سەربازی لەلایەن نەتەنیاهۆوە بۆ سوپا بوونی هەبووە، بێ ئەوەی بزانرێ جووڵە سەربازییەكە بە چ ئامانج و مەبەستێك بووە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەیال زامیر ڕەتی كردووەتەوە جووڵە بە سوپا و هێزەكان بكات، بێ ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە پشتیوانیی تەواوەتیان هەبێت، لە ترسی ئەوەی پەرەسەندنی گرژییەكان لەگەڵ ئێران لە سەروبەندی هەڵبژاردن، دۆخی ناوخۆی وڵاتەكە بە تەواوی هەستیار و ئاڵۆز دەكات.

میدیاكانی ئیسرائیل ئەوكات بڵاویان كردەوە، زامیر بەرهەڵستی جێبەجێكردنی فەرمانێكی نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیران و یسرائیل كاتسی وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی كردووە، بەهۆی مەترسی وەڵامدانەوەی ئێران و پەكخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، بەڵام دواتر نەتەنیاهۆ و كاتس ڕەتیان كردەوە كە جیاواز و ناكۆكییان لەگەڵ زامیر هەبێت و ڕاپۆرت و زانیارییەكانیان بە تەواوی بە درۆ خستەوە.

گرتنەبەری هەنگاوێكی لەمجۆرە لە كاتێكدایە، ئیسرائیل لە سەروبەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو و داهاتوو و چارەنووسی نەتەنیاهۆ و پرۆسەی سیاسی وڵاتەكە بەو هەڵبژاردنەوە پێوەست بوو، ئەمەیش دوای ساڵانێك لە جەنگ لە غەزە و لە دژی حزبوڵا و ئێران. هەر جووڵەیەكی سەربازیی ئیسرائیل دژی ئێران، چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی توندی ئێرانی بە مووشەك و درۆن لێ دەكەوتەوە، بەو شێوەیەیش دەبوو لە ناوخۆی ئیسرائیل باری نائاسایی ڕابگەیەنرێت و خەڵك بچنە پەناگەكان و ڕێوشوێنەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە تەواوی پەكیان دەكەوت.

لێرەوە دیارترین ناكۆكییەكانی نێوان سیاسی و سەربازییەكانی ئەو وڵاتە دەركەوت، كاتێك سەرچاوەكانی تەناهی دووپاتیان لەوە كردەوە، ئەگەری ئەوە هەیە نەتەنیاهۆ دۆسیەی ئێران بخاتە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی خۆی و حزبەكەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

پێشتر پێگەی ئەكسیۆس لە 13ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دووپاتی كردەوە، نەتەنیاهۆ و ترەمپ گفتوگۆیان لەسەر ئەگەری دەستكردنەوە بە بۆردمان و پرۆسەیەكی سەربازی فراوان دژی ئێران بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئەمەریكا و ئیسرائیل كردووە، لە كاتێكدا واشنتن خۆپارێزانە لەبارەی كاتی دەسكردن بەو ئۆپراسیۆنە مامەڵەی كردووە.

بەگوێرەی گێڕانەوەی سەرچاوەكان بۆ كەناڵ 12ی ئیسرائیل، ناكۆكیی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریكا لەبارەی كات و وادەی دەستكردن بە هێرشكردنە سەر ئێران، تەنیا هۆكار نەبووە بۆ ئەنجامنەدانی هەڵمەتەكە، بگرە پلانەكە بەهۆی ڕەخنە و بەرهەڵستی سەركردە تەناهییەكانی ئیسرائیلیش دواخراوە و جێبەجێ نەكراوە، بەوهۆیەوە سەركردەكانی تەناهیی ئیسرائیل بە هەڵە زانیارییان لەبارەی هێرشێكی لەمجۆرە گەیاندووە بە واشنتن و ئەمەریكایش ڕێگریی لێ كردووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *