دوێنێ هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێسی ئەمەریكا بەڕێوە چوو، بەپێی ئەنجامەكان حزبی دیموكرات سەركەوتنێكی گەورەی لە باڵادەستی بەسەر هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران بە دەست هێناوە، ئەوەش وەك شارەزایان دەڵێن ئەركەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و كۆمارییەكان لە ماویە دو ساڵی داهاتوو زەحمەت دەكات، بەڵام هۆكاری دۆڕانی كۆمارییەكان چییە؟
ئەمڕۆ جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە شەڕی ئێران هۆكاری دۆڕاندنی ئێمە بوو لە هەڵبژاردنەكان، زۆرێك لەوانەی لە هەڵبژاردنی 2024 دەنگیان بە ئێمە دا، لەم هەڵبژاردنە دەنگیان بە دیموكراتەكان داوە، زۆرێك لە ئەمەریكییەكان بۆ كۆتهێنان بەو شەڕە و نەهێشتنی گرانی و گۆڕانی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل دەنگیان بە دیموكراتەكان دا، پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاندبوو كە شەڕی ئێران بەشێكە لەو دۆڕانە گەورەی رووبەڕووی كۆمارییەكان بووەتەوە، ئەو لە دیدارێكی رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” گوتی، ئێران بەشێك بوو لە هۆكارەكە.
دۆڕانی گەورەی كۆمارییەكان وەرزێكی نوێی ناكۆكی لە ناو ئەو حزبە دەست پێ كرد، لە دوای ئەو هەڵبژاردەی زۆرینەی لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران لە دەست دا، لە یەكێك لە خراپترین ئەنجامەكان لە ماوەی ساڵانێكی دوورودرێژ، بەتایبەتی تۆمەتباركردنی ترەمپ روو لە هەڵكشانە، بەرپرسیارەتی پاشەكشەی بنكەی جەماوەری حزبەكە و شكستی كاندیدانی لەو ویلایەتانە دەخرێتە ئەستۆ كە كۆمارییەكان تیایدا باڵادەست بوون.
دوای دەركەوتنی ئاستی ئەو دۆڕانەی تووشی كۆمارییەكان بووە، گفتوگۆكان لە ناو ئەو حزبە و پەنجەی هۆكار تەنیا ئاراستەی كاندیدان نەكراوە، بەڵكو سیاسەتەكانی ترەمپیشی گرتووەتەوە، هەر لە رسووماتی گومرگی و زیادبوونی خەرجی بژێوی و شەڕی ئێران و زیادبوونی نرخی سووتەمەنی تا دەگاتە بڕیارەكانی سەبارەت بەو كاندیدانەی لە هەڵبژاردنەكە پاڵپشتی كردن، وەك رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز” باسی دەكات.
كۆمارییەكان پێیان وایە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بەرجەستەی لێكەوتە راستەوخۆكانی بڕیارەكانی ترەمپە لە ماوەی ساڵانی پێش هەڵبژاردنەكە، ئەو هەلی بردنەوەی حزبەكەی لاواز كرد لە بری بەهێزكردنی، شەڕی ئێران وەك بەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی دۆڕانی كۆمارییەكان دادەنرێت، زیانی بە كاندیدانی كۆماری گەیاند، چونكە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گاز، لەوكاتەی دەنگدەران رووبەڕووی گوشاری زیاتری ئابووری هاتوونەتەوە.
كریگ شێرلی بەرپرسێكی كۆشكی سپی لە سەردەمی رۆناڵد رێگان سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا پێی وایە شەڕی ئێران زیانێكی بەرچاوی بە كۆمارییەكان گەیاند، دووپاتی كردەوە كە ئەگەر ئەو شەڕە نەبوایە ئەنجامی هەڵبژاردن جیاواز دەبوو، چونكە زۆرێك پاڵپشتی ترەمپ دەكەن، بەڵام حەزیان بەو شەڕە نەفرەتییە و كاریگەرییەكانی لەسەر هەڵاوسان و بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین و گاز نییە، جیا لە رسووماتی گومرگی كە ترەمپ سەپاندی، ئەوانە بوونە هۆكاری زیاتر بۆ پاشەكشەی كۆمارییەكان، لە پاڵ زیادبوونی مەترسی لەبارەی بەرزبوونەوەی خەرجی بژێوی و كاریگەریی سیاسەتە بازرگانییەكان لەسەر كۆمپانیا و هاووڵاتییانەوە.
برینكەر هاردینگ كاندیدی دۆڕاوی كۆماری لە بازنەی ویلایەتی نبراسكا گوتی، نرخی بەنزین گرانە و رسووماتی گومرگیش كێشە بوو، مایك رۆجەرز كاندیدێكی تری دۆڕاوی كۆماری لە میشیگان داوای كۆتاهێنانی شەڕی ئێرانی كرد بۆ نەهێشتنی توڕەیی جەماوەری بەهۆی كاریگەرییە ئابوورییەكانی ئەو شەڕە، رەخنە و تۆمەتی كۆمارییەكان بەهۆی دۆڕانی حزبەكەیان لەوە زیاتر بوو، باسی ئاستی كاندیدانی ترەمپیان كرد كە لە هەڵبژاردنەكە پاڵپشتی كردن.
دۆن بیكۆن پەرلەمانتاری كۆماری دەڵێت، هۆكاری یەكەم بۆ دۆڕانی كۆمارییەكان لاوازیی بنكەی جەماوەری سەرۆك بوو، دوای ئەوە بڕیارەكانی بە پاڵپشتیكردنی چەند كاندیدێكی لاواز لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران، ناوی چەند كاندیدێكی هێنا و دووپاتی كردەوە كە ترەمپ چەند كاندیدێكی هێنایە پێشەوە توانای بردنەوەیان نەبوو، لە ساوس كارۆلاینا دۆڕاندمان ئەو چەند كاندیدێكی خراپی خستە پێشەوە.
جیسۆن رو ئەندامێكی پێشكەوتووی حزبی كۆماری شرۆڤەكەی ترەمپی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بە بێمانا لە قەڵەم دا و گوتی، سەرۆك ترەمپ ئەو ئەندازیارە بوو كە رابەرایەتیی كۆمارییەكانی بەرەو دۆڕان كرد، ئەو تەحەدای ئەمەریكییەكانی كرد لە دژی دەنگ بدەن، بە گەشتێك كۆتایی بە هەڵمەتی هەڵبژاردن هێنا كە هەموو شتێكی بۆ توڕەكردنی دەنگدەران لەخۆ گرتبوو.















Leave a Reply