لە شارێكی وەك سلێمانی كە مێژوو و كولتوور و یادەوەریی خەڵك بە وشە و دەستەواژە كۆنەكانەوە گرێ دراون، هەندێك قسە هەن كە لە تێپەڕبوونی ساڵاندا نەك هەر لە بیر نەچوون، بەڵكو بوونەتە بەشێك لە زمانی ڕۆژانەی خەڵك. یەكێك لەو دەستەواژانەش “بۆ حەلاوی باس كە”.
بەپێی ئەو گێڕانەوانەی لەبارەی مێژووی ئەم دەستەواژەیەوە هەیە، حەلاو بنحاس ژنێكی جووی دانیشتووی سلێمانی بووە، لە گەڕەكی جووەكانی شارەكە ژیاوە و دوكانێكی بچووكی هەبووە.
لەو دوكانەدا شتی ڕۆژانەی خەڵكی وەك هێلكە و توتن و كەلوپەلی بچووكی دەفرۆشت. بەڵام ئەوەی ناوی حەلاوی لە یادەوەریی كۆمەڵایەتیی سلێمانیدا جێگیر كردووە، تایبەتمەندییەكی جەستەیی بووە، ئەویش كەمبیستییەكەی بووە.
بەپێی ئەوەی لە گێڕانەوەكاندا باس كراوە، حەلاو خان بەهۆی كەمبیستییەكەیەوە زۆرجار بە ئاسانی لە قسەی خەڵك تێنەگەیشتووە، ئەم دۆخەش بووەتە هۆی ئەوەی ناوی ئەو لە نێوان خەڵكدا ببێتە نموونەی كەسێك كە قسە بۆی دووبارە دەكرێتەوە یان گوێی لە قسە نییە.
بەمشێوەیە، دەستەواژەی “بۆ حەلاوی باس كە” لە زمانی خەڵكدا جێی خۆی كردووەتەوە، دەستەواژەیەك كە زۆرجار بەشێوەی گاڵتە، تانە یان ناڕەزایی بەرانبەر كەسێك بەكار دێت كە گوێ لە قسە ناگرێت یان خۆی لە تێگەیشتن دەدزێتەوە.
ئەوەی لەم چیرۆكەدا سەرنجڕاكێشە، تەنیا دروستبوونی دەستەواژەكە نییە، بەڵكو ئەوەیە كە حەلاو خان لە گێڕانەوەكاندا، وەك كەسایەتییەكی ناسراو لە ژیانی كۆمەڵایەتیی سلێمانی دەردەكەوێت و ئێستەیش قەسەكە بووەتە ترێندی هەموو كوردستان.
لە هەندێك گێڕانەوەدا، ئاماژە بە میهرەبانی و خاوێنی و پێوەندیی باشی ئەو بە دانیشتووانی شارەكە كراوە. هەروەها باس لەوە دەكرێت كە لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا بەخشندە بووە و بەشداریی لە كاروباری خێرخوازیی شاردا كردووە.
لە كۆتاییدا چیرۆكی حەلاو خان بیرمان دەخاتەوە كە لە هەر وشەیەكی كۆنی زمانی خەڵكدا، لەوانەیە چیرۆكی كەسێك، شوێنێك یان ڕووداوێكی مێژوویی شاراوە بێت؛ چیرۆكێك كە شایانی تۆماركردن و پاراستنە بۆ نەوەكانی داهاتوو.















Leave a Reply