دوای بابولمەندەب هێزەكانی حكوومەتی یەمەن شاری مخا كۆنترۆڵ دەكەن

بینەر: (1.2K)

دوای ئەوەی دوێنێ سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەمەن دەست پێكردنی هەڵمەتێكی فرەوانی سەربازی بۆ كۆتاهێنان بە كودەتای حووسییەكان و دەستگرتنەوە بەسەر سەنعای پایەتەختی یەمەنی راگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەمەوە هێزەكانی حكوومەتی یەمەن، كە سعوودیە پاڵپشتییان دەكات، دەستیان بە پێشڕەوییەكی گەورە كرد و ئەمڕۆ شاری مخایان كۆنترۆڵ كرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە چەكدارەكانی سەر بە حكوومەتی یەمەن، دەستیان بە هێرشێكی گەورەی سەربازی بۆ ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەستی حووسییەكان كرد، كە ئێران پاڵپشتیان دەكات، توانیان گەرووی بابولمەندەب كۆنترۆڵ بكەن و لە تەواوی بەرەكانی جەنگ لە هێرشدان و دواجار توانیان شاری مخا كۆنترۆڵ بكەنەوە، ئەو ناوچانە لە ماوەی دوایی لە لایەن حووسییەكانەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو.

ئەمڕۆ دووشەم ماجد نەزیلی گوتەبێژی هێزە چەكدارەكانی یەمەن رای گەیاند، هێزەكانی حكوومەتی یەمەن هەزار و 122 هێرشیان كردە سەر حووسییەكان، تۆپهاوێژ و هێلەكانی بەرگری و رێگە و كۆگەكانی یەدەگی چەك و كەلوپەلی سەربازی و دەستەكانی بەڕێوەبردن و ناوەندەكانی سەركردایەتیی حووسییەكان كراونەتە ئامانج.

زیاتر گوتی، بۆردمانكردنی ئەو ئامانجانە لە بەرەی جیا جیای یەمەن بووە، بە گشتی ئامانجەكان لە سەعدە و جەوف و تەعز و كەناراوەكان بوون، بە فڕۆكەی جەنگی و درۆن و تۆپهاوێژ و مووشەك ئەنجام دراون، لە ئەنجامی ئەو هێرشانە زیاتر لە هەزار و 747 چەكداری حووسییەكان كوژران و 364 كەلوپەلی سەربازی گەورە و گرانبەهایشیان بە تەواوی تێك شكێنراوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *