كێ شوێنی حەمید شەتری دەگرێتەوە؟

بینەر: (29)

ئەمڕۆ دووشەم هاتە راگەیاندن كە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری لادانی حەمید شەتری لە پۆستی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراقی داوە، كە لە 2014ەوە لەو پۆستەیە، ئەو هەنگاوەش لە دوای چەند سەعاتێك لە لادانی ئیحسان عەوادی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیران و دانانی رەشاد خەلەف لە شوێنی ئەو هات.

پەرلەمانتارێكی عێراق سەبارەت بەو گۆڕانكارییەی ئەمڕۆ و لادانی شەتری دەڵێت، بڕیارەكە لە چوارچێوەی دابەشكردنەوەی پۆستە سەرەكییەكانە لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی حزبی، پۆستەكە هەر لای چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەمێنێتەوە و چەند ناوێك بۆ وەرگرتنی كاندیدن، بەڵام ئێستە زەیدی خۆی بە وەكالەت دەزگاكە بەڕێوە دەبات.

ئەحمەد نعێمی شارەزا لە بواری ئاسایش ئاماژە دەكات كە لە گۆڕانكارییەكانی پێشووی پۆستە تەناهییەكان، شوێنگرەوەكان كەسانی سەربەخۆ یان دوور لە میلیشیاكان بوون، بۆیە پێشبینی ناكرێت زەیدی كەسێكی نزیك لە ئێران لەو پۆستە دابنێت.

روونی كردەوە، رەنگە هۆكاری لادانی شەتری، پرۆسەیەكی چاكسازی لە ناو دەزگە تەناهییەكان بێت، یان دوورخستنەوەی لە راكێش راكێشی سیاسی و كۆنترۆڵكردنی حكوومەت بۆ كایەی تەناهی، بەڵام دوور نییە شكستهێنانی شەتری و دەزگاكەی لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەڕەشەی میلیشیاكان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە و سعوودیە هۆكارێك بێت و دوورخستنەوەی ئەوی خێراتر كردبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *