یاداشتی گرتن بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان دەردەچێت

بینەر: (42)

لە دوای داخستنی دەروازەی سنووری شیب لە پارێزگای میسان، بەرپرسانی ئەو پارێزگایە كاردانەوەیەكی توندیان بەرانبەر بەو هەنگاوەی حكوومەت هەبوو، بەوەی كاریگەریی گەورەی بۆ سەر دۆخی ئابووری و بژێوی خەڵكی پارێزگاكە هەیە، بۆیە هەڕەشەیان لە حكوومەت كرد و داوایان كرد بە پەلە دەروازەكە بكاتەوە.

بەپێی نووسراوێك، ئەمڕۆ دووشەم دادگەی سێیەمی لێكۆڵینەوەی كەرخ یاداشتێكی گرتنی بۆ مستەفا دعییر محەمەداوی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان دەركرد بەهۆی لێدوانەكانی دوێنێ یەكشەمی، كە بوارێكی سێ رۆژی تا پێنجشەمی داهاتوو بە حكوومەتی عێراق دا بۆ كردنەوەی بە پەلەی دەروازەكە، ئەگینا پەنا بۆ یاخیبوونی مەدەنی و داخستنی رێگەوبان و دابڕینی پارێزگاكە لە عێراق دەبەن.

ئەمڕۆ دووشەم عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی كرد بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان بەهۆی لێدوانەكانی لەبارەی داخستنی دەروازەی سنووری شیب لەگەڵ ئێران.

شایەنی باسە لە 20ی ئەم مانگە حكوومەتی عێراق دەروازەی سنووری شیبی لە پارێزگای میسان لەگەڵ ئێران داخست، لێدوانی فەرمی لەبارەی هۆكاری داخستن بۆ نۆژەنكردنەوەی دەروازەكەیە، بەڵام بە پێی راپۆرتەكان ئەو هەنگاوە بۆ توندكرنی رێوشوێنە تەناهی و پشكنین و چاودێرییە لەسەر داوای ئەمەریكا بۆ بنەبڕكردنی قاچاغی چەك و دۆلار لە دەرەوازەكە و هەنگاوەكە دەروازەكانی تریش دەگرێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *