هەوڵی لابردنی پارێزبەندی بەسەر 12 پەرلەمانتاری عێراق دەدرێت

بینەر: (994)

هاوكات لەگەڵ سستبوونەوەی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵێك بۆ گرتنی تێوەگلاوانی تر هەیە، بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق داوای فەرمی لە دەسەڵاتی دادوەری و دەستەی دەستپاكی بەدەست گەیشتووە بۆ لابردنی پارێزبەندی بەسەر 12 پەرلەمانتار بەهۆی بوونی گومانی گەندەڵییەوە.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، هەروەها داوای یاسایی لەسەر زیاتر لە 30 پەرلەمانتار هەیە، پێوەست بە تۆمەتەكانی ساختەكاری و ناوزڕاندن و تۆمەتی تری تاوانكاری، ئاشكرای كرد كە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، رێوشوێنەكان بۆ لێوردبوونەوە لە بڕوانامەی هەموو پەرلەمانتارانی عێراق دەستی پێ كردووە.

لای خۆیەوە ئەمڕۆ دووشەم دەستەی دەستپاكی عێراق رای گەیاند كە فەرمانی گرتن و پێبژاردن بۆ دوو بەرپرسی ئێستە و پێشووی دەستەی نیشتمانی وەبەرهێنان لەسەر دوو دۆسیەی پێوەندیدار بە پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان دەرچووە.

دەستەكە روونی كردەوە، دادگای ناوەندیی تاوانەكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، فەرمانی گرتنی ساڵێك و پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری بۆ بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی دەستەی نیشتمانی وەبەرهێنان بە تۆمەتی هەراسانكردنی كۆمپانیایەك لە بەرانبەر نوێكردنەوەی گرێبەستی پڕۆژەیەك دەركردووە، هەمان دادگا فەرمانی گرتنی بۆ چوار ساڵ و پێبژاردنی 10 ملیۆن دینار بۆ بەڕێوەبەرێكی پێشووی دەستەكە بە تۆمەتی پێشێلكاری لە پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان دەركرد.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *