پەرلەمانتارێك: ئەگەری هەیە كاندیدی سەرۆكی حكوومەت لە 24 سەعات یەكلا ببێتەوە

بینەر: (505)

بڕیارە ئەمشەو هێزە سیاسییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا لە ماڵی عەمار حەكیم كۆ ببنەوە، ئەوان بابەتی كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلا بكەنەوە، پەرلەمانتارێكی شیعە دووپاتی كردەوە تا ئێستە كۆبوونەوەكەی ئەمشەو دوا نەخراوە و ئەگەری هەیە ئەو بابەتە لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتوو یەكلا بكرێتەوە.

ریاز عەدای پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەی نیشتمانی گوتی، ماوەی دەستووری بۆ راسپاردنی كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێكهێنانی حكوومەت پێنج رۆژی ماوە، ئەوەش سەركردەكانی چوارچێوەیان خستووەتە هەڵوێستێكی نەخوازراو و وایان لێ دەكات بەپەلە ئەو بابەتە یەكلا بكەنەوە.

زیاتر گوتی، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەونگی ئەو كاندیدەی دوو لەسەر سێی دەنگ بەدەست بێنێت، یان كۆی دەنگی سەركردەكان، دەبێتە كاندیدی فەرمیی چوارچێوەكە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، روونی كردەوە، ئەمشەو كۆبوونەوەكە لە ماڵی حەكیم دەكرێت و دوا ناخرێت و هیوادارین كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلا بكرێتەوە.

عەدای باسی ئەوەشی كرد كە زیاتر لە سیناریۆیەك بۆ یەكلابوونەوەی دۆخەكە هەیە، لەوانە خستنەرووی ناوی محەمەد شیاع سوودانی بۆ مانەوە لە پۆستەكەی، هەروەها كاندیدكردنی باسم بەدری، جیا لە خستنەرووی ناوی ئیحسان عەوادی وەك كاندیدێكی نوێ.

بەپێی سەرچاوەیەكی پەرلەمانی بڕیارە ئەمشەو كۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرێوە بچێت و یەكێك لە سیناریۆكان خستنەرووی ناوی هەموو كاندیدانە و دەنگدان دەكرێت، ئەوەی دوو لەسەر سێی دەنگەكان بەدەست بێنێت، دەبێتە كاندیدی چوارچێوە، بڕیارە نووری مالیكی ناوی باسم بەدری بخاتە روو و محەمەد شیاع سوودانیش ناوی ئیحسان عەوادی، ئەوەی دوو لەسەر سێی دەنگەكانی بەدەست هێنا، دەبێتە كاندیدی فەرمیی چوارچێوە و حكوومەت پێكدێنێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *