ئەمڕۆ دووشەم 27ی نیسانی 2026، مارکۆ ڕووبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە دابەشبوونی سەرکردایەتیی ئێران، بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتنی واشنتن بە ڕێککەوتن لەگەڵیان. هەروەها بەتوندی سەپاندنی هەر جۆرە باجێکی ئێرانی بۆ سەر گەرووی هورمزی ڕەت کردەوە.
ڕووبیۆ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی “فۆکس نیوز” ڕای گەیاند، ناکرێت ڕێ بە ئێران بدرێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات کێ بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت و کێ تێپەڕ نابێت، هەروەها هەوڵەکانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە قبووڵکراو نین.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا، سەپاندنی باج لەلایەن ئێرانەوە بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا قبووڵنەکراوە. دووپاتیشی کردەوە کە ناکرێت مامەڵەی ئێران لەگەڵ گەرووی هورمزدا بە ئاسایی وەربگیرێت و ناتوانین لێی بێدەنگ بین.
ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاندبوو، ئێران ئەگەر دەیەوێت دانوستان بکات بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی ئەمەریکا و ئیسرائیل کردوویانەتە سەری، دەتوانێت پێوەندیمان پێوە بکات. ترەمپ دووپاتیشی لەوە کردەوە کە “تاران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.” لە بەرانبەردا ئێران مەرجی ئەوەی داناوە کە بۆ گەیشتن بە هەر ڕێککەوتنێک، دەبێت ئاستەنگەکان لاببرێن، لە نێویاندا هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرە ئێرانییەکان.
















Leave a Reply