ناتۆ خۆی بۆ سیناریۆی شەڕی رووسیا ئامادە دەكات

بینەر: (1.6K)

هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕی رووسیا و ئۆكراینا، مۆسكۆ لە هەڕەشەكانی لە دژی وڵاتانی ئەوروپا نەوەستاوە، ئەو بە بەردەوام گوشاری خستووەتە سەریان و ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ بەوەی نابێت لە شەڕ یارمەتی ئۆكراینا بدەن، لەو ناوەدا و وەك ئەگەرێك ئەندامانی ناتۆ خۆیان بۆ سیناریۆی شەڕی رووسیا ئامادە دەكەن.

لە ماوەی ئەم مانگەدا هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی “ناتۆ”، دەستی بە گفتوگۆ كردووە بۆ دیاریكردنی قەبارەی هێز و چەك و كەرەستەی سەربازیی پێویست بۆ بەرگریكردن لە ئەندامانی هاوپەیمانیەتییەكە لە حاڵەتی لە لایەن رووسیاوە هێرشیان كرایە سەر، باسی چۆنیەتی دابینكردنی خەرجی و پێویستییەكانی شەڕ و خۆسازدانەكەیان كرد.

لەو دانوستانەی ئەندامانی ناتۆ باسی توانا بەرگرییەكان تا ساڵی 2029 دەكرێت، ئەوەی بۆ هەر 32 دەوڵەتی ئەندام لە هاوپەیمانیەتییەكە پێویستە لە رووی سەربازییەوە بۆ ئەو كارە، ئەوەش دوای ئەوەی چەند بەرپرسێكی ئەوروپی وریاییان دا بەوەی تا ئەو ساڵە رووسیا ئامادە دەبێت بۆ هێرشكردنە سەر ئەندامێكی هاوپەیمانیەتییەكە.

ئەو گفتوگۆیانە هاوكاتن لەگەڵ پلانێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی هێزە سەربازییەكانی لە ئەوروپا، كە ئەوەش ئەندامانی ناتۆ دووچاری كێشەی كەمی هێزی بەرگری لە خۆیان دەكاتەوە، بۆیە ئەوان گفتوگۆ لەبارەی ئاستی ئامادەیی هەر یەكەیان بۆ زیادكردنی خەرجی بەرگری و پشتبەستن بە خۆیان دوور لە ئەمەریكا و پەرەپێدانی توانا سەربازی و چەكەكانیان دەكەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *