ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوولی 2026، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە ئاشکرای کرد کە 160 تووشبوو بە نەخۆشیی ئایدز لە پارێزگاکەدا دەستنیشان کراون، هاوکات هۆشداری دەدات کە بەهۆی نەکردنی پشکنینەوە، لەوانەیە ژمارەی ڕاستەقینەی هەڵگرانی ڤایرۆسەکە زۆر زیاتر بێت.
لە ڕاگەیەنراوێکدا هاتووە کە نەوفەل مەنسووری جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، ڕای گەیاندووە کە ئەنجامی پشکنینەکان دەری دەخەن 160 تووشبووی ڤایرۆسی نەمانی بەرگریی لەش (ئایدز) لە پارێزگاکەدا تۆمار کراون. ئەو دووپاتی کردەوە کە پێدەچێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت، چونکە ئەگەری هەیە کەسانێک هەبن تا ئێستە سەردانی سەنتەرەکانی پشکنینیان نەکردبێت و دەستنیشان نەکرابن.
ئاماژەی بەوەش داوە کە کۆبوونەوەی لیژنەی تەندروستی کە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی شارەزایانی تەندروستی و لایەنە تەناهییەکان بەڕێوە چوو، بەوردی گفتوگۆی لەبارەی ڕەوشی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لە پارێزگاکەدا کردووە. مەنسووری تیشکی خستە سەر گرنگیی پەرەپێدانی بەرنامەکانی پشکنین و هۆشیاریی تەندروستی، لەگەڵ چڕکردنەوەی چاودێری بەسەر ئەو کارانەی دەبنە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، وەک پێوەندییە نەپارێزراوەکان و بەکارهێنانی ئامێری پیس لە سەنتەرە بێمۆڵەتەکانی جوانکاریدا.












Leave a Reply