توێژینەوەیەکی نوێ: خواردنەوەی چای زۆر گەرم مەترسی لەسەر دڵ دروست دەکات

بینەر: (14)

ئەنجامی توێژینەوەیەکی فراوان لە چین بڵاو کرایەوە کە پێوەندیی نێوان شێوازی خواردنەوەی چا و مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن دەردەخات، بەپێی ئەنجامەکان خواردنەوەی چا بە شێوەیەکی ڕێکخراو مەترسیی نەخۆشییەکان کەم دەکاتەوە، بەڵام خواردنەوەی چای زۆر گەرم و سووتێنەر ئەنجامێکی پێچەوانەی هەیە و مەترسی لەسەر تەندروستیی دڵ دروست دەکات.

توێژەران داتای 485934 کەسی پێگەیشتوویان لە چین شیکردووەتەوە، لە چوارچێوەی توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری پزیشکیی ناوخۆیی بڵاو کراوەتەوە، تێیدا لێکۆڵینەوە لەسەر جۆری چا، خەستییەکەی، پلەی گەرمی و چەندبارەبوونەوەی خواردنەوەی کراوە، لەگەڵ ڕەچاوکردنی کێشانی جگەرە و چالاکیی جەستەیی بەشداربووان.

لە ماوەی چاودێریکردنێکدا کە تێکڕای کاتەکەی نۆ ساڵ بووە، توێژەران 14863 حاڵەتی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن تۆمار کردووە کە نەخۆشییەکانی مێشک و دەمارەکانیش دەگرێتەوە. بەپێی ئەنجامەکان، خواردنەوەی چا بە شێوەیەکی ڕێکخراو، بەلایەنی کەمەوە سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، بەڕێژەی سەدا 11 مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە، ئەمەیش بە بەراورد بەو کەسانەی چا ناخۆنەوە یان کەمتر دەیخۆنەوە. لە بەرانبەردا، خواردنەوەی چا بە پلەیەکی گەرمیی زۆر کە بە “سووتێنەر” وەسف کراوە، بەڕێژەی سەدا 16 مەترسیی تووشبوون بەو نەخۆشییانە زیاد دەکات.

توێژەران ئاماژەیان بەوەیش کرد، ئەم ئەنجامە پێویستی بە وریایی هەیە لە لێکدانەوەدا، چونکە پلەی گەرمییەکە تەنیا پشت بە وەسفی بەشداربووان دەبەستێت و بە پێوەرێکی دیاریکراو نەپێوراوە بۆ هەر کووپێک. هەروەها دەرکەوتووە کە چای ڕەش زیاتر لە چای سەوز پێوەندی بە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی نەخۆشیی دڵەوە هەیە، و چای مامناوەندیش لە ڕووی خەستییەوە کەمترین مەترسی هەیە.

لە لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە، چا پێکهاتەی ڕووەکیی وەک پۆلیفینۆل و فلاڤۆنۆیدی تێدایە کە کاریگەرییان لەسەر هەوکردن و فرمانەکانی لوولەی خوێن هەیە، بەڵام ئەمە بە تەنیا بیسەلمێنێت کە چا ڕێگری لە نەخۆشی دەکات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *