بەم دواییە هێزە تەناهییەكانی سووریا دەستگرتنیان بەسەر تانكەرێك راگەیاند كە نەوتی لە عێراقەوە بەرەو بەندەری بانیاس دەگوازێتەوە، دوای پشكنینی دەركەوتووە كە درۆن و مووشەكی بۆ حزبوڵای لبنانی تیادا حەشار دراوە، هەر لەم هەفتەیە هێزە تەناهییەكانی عێراق گرتنی دوو تۆمەتباریان راگەیاند كە لە رەوانەكردنی چەك بەرەو سووریا و لبنان بۆ حزبوڵا تێوەگلاون، راپۆرتێك ئاماژە دەكات كە میلیشیاكانی عێراق لەپشت ئەو كارەوەن.
بەپێی راپۆرتەكە كە پێش ئەو بارەی دوایی كە دەستی بەسەردا گیراوە، چەندان باری تر تێپەڕ كراوە، جیا لەو دوو كەسەی لە عێراق گیراون، چەند كەسێكی تر لە دەروازەی سنووری لە رۆژئاوای ئەنبار و لایەنی سووریش لە كارئاسانی بۆ تێپەڕكردنی ئەو بارە چەكانە و دەركردنیان لە پشكنینی تێوە گلاون، ئەوانەی گیراون راستەوخۆ سەر بە میلیشیاكان نین، بەڵام بە پارە كاری قاچاغی بۆ لایەنی تر دەكەن، بەڵام دەروازەكان لەژێر دەسەڵات و هەژموونی میلیشیاكاندایە و لەگەڵ بوونی گەندەڵی دوو هۆكاری تێپەڕاندنی بارە چەكەكانن و پێشتریش چەندان جار بارە چەكی هاوشێوە لە سووریاوە گەیەندراوە بۆ لبنان و ئاشكرا نەبوونە.
ئێستە لێكۆڵینەوەكان لە بەغدا سەرنجیان خستووەتە سەر ئاشكراكردنی تێوەگلاوان لە ئیدارەی باركردنی بارهەڵگرەكان بە نەوت، بەڵام دەسەڵاتی میلیشیاكان لە دەروازە سنوورییەكان و گوشاریان لەسەر كارمەندانی ئەو دەروازانە، بوونەتە هۆكاری تێپەڕبوونی بارە چەكەكان بێ پشكنینیان، ئەگەریش هەیە لەگەڵ كارمەندانی دەروازە سنوورییەكانی سووریاش هاوئاهەنگیان هەبێت بۆ ئاسانكردنی تێپەڕبوونیان، بەپێی سەرچاوەكانی نزیك لە میلیشیاكان، گەیاندنی چەك و پارە بۆ حزبوڵا لە رێگەی سووریا بەشێكە لە ئەركی بەرەی موقاوەمەت كە شانازی پێوە دەكات، ئەو كارەش سەرەڕای گۆڕانی رژێمی سووریا نەوەستاوە و لە ماوەی دوایی بڕێك پارە گەیندراوەتە حزبوڵا لە لایەن میلیشیا عێراقییەكانەوە و چەند جارێك ئەوە رووی داوە، ئەوەش كەمترین شتە كە پێشكەشی حزبوڵای بكەن.
















Leave a Reply