ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئۆکتۆبەر، حكوومەتی فڕەنسا ڕێنوێنیی دایە هەندێک لە دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بۆ سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی، ئەمەش دوای ئەو ئاژاوە و تاڵانکارییەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حكوومەت و شکستی تەناهی لە سەرتاسەری وڵاتدا سەریان هەڵدا، هاوکات ئەگەری ڕاگەیاندنی باری نائاساییش لە ئارادایە.
سێباستیان لۆکۆرنۆ سەرۆک وەزیرانی فڕەنسا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەگەری ڕاگەیاندنی باری نائاسایی هەیە، بەڵام بۆ ئێستە پێی وایە باشترە قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی و ناوخۆیی جێبەجێ بکرێت، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو شارانە ئاشکرا بکات کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە. ئەو گوتی، ئیرادەم بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری ڕەهایە، بەڵام سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی گشتگیری لە پاریس ڕەت کردەوە.
ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدان کە شەش مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فڕەنسا، ئاژاوەکان دوای چەند هەفتەیەک لە خۆپیشاندانی قوتابیان دێن کە بەهۆی لاوازیی ئابووری و زیادبوونی قەرزەکانەوە سەریان هەڵداوە.
لۆکۆرنۆ بەرپرسیارێتیی ئەو ڕووداوانەی خستە ئەستۆی گرووپەکانی چەپی توندڕەو و گوتی، لە کۆتاییدا بزووتنەوەیەکی چەپی توندڕەو هەیە کە دەیەوێت لە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا پشێوییەکی قووڵ لە وڵاتدا دروست بکات. لە بەرانبەردا، ژان لوک مێلانشۆن کاندیدی سەرۆکایەتیی چەپی توندڕەو داوای بەڵگەی کرد و ڕای گەیاند، ئەگەرنا دەبێت سەرۆک وەزیران داوای لێبوردن بکات و بێدەنگ بێت.
بەپێی ئاماری یەکێتیی بازرگانی و تاکفرۆشی، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا نزیکەی سێ هەزار فرۆشگا زیانیان بەرکەوتووە. یەکێتییەکە داوای کردووە ئەو کۆمپانیایانەی زیانیان بەرکەوتووە لە باج و کرێی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ببەخشرێن. لە بەرانبەردا، لۆکۆرنۆ ڕای گەیاند کە حكوومەت لە سبەی سێشەمەوە ڕێکاری کاتیی بەخشین دەگرێتە بەر.
لە میانی خۆپیشاندانەکاندا، دەسەڵاتداران نزیکەی دوو هەزار و 400 کەسیان گرتووە، خۆپیشاندەرێک بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەست داوە و نزیکەی هەزار پۆلیسیش بریندار بوون.
نووسینگەی سەرۆکایەتیی فڕەنسا ڕای گەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فڕەنسا دەستلەکارکێشانەوەی لۆران نونێز وەزیری ناوخۆی ڕەت کردووەتەوە و داوای لێ کردووە کۆتایی بە داخستنی ڕێگەکان و تاڵانکاری بهێنێت.
سەرەڕای گرژییەکان، نونێز دڵنیایی دا کە یاریی نێوان پاریس سانجێرمان و بەرشەلۆنە لە چامپیۆنزلیگ کە بڕیارە سبەی سێشەم بەڕێوە بچێت، وەک خۆی ئەنجام دەدرێت.
















Leave a Reply