عەباس بەهادلی: شەش تۆن مادەی هۆشبەر گیراوە و هەزار 789 تۆڕ و باندیش هەڵوەشێنراونەتەوە

بینەر: (42)

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مادە هۆشبەرەكان و كاریگەرییە ئەقڵییەكانی عێراق دووپات دەكاتەوە، لە ساڵی 2023ـوە لە سەرانسەری عێراقدا دەست بەسەر شەش تۆن مادەی هۆشبەردا گیراوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مادە هۆشبەرەكان و كاریگەرییە ئەقڵییەكان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە هاوبەشی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئاماری توندوتیژی و كار و چالاكییەكانی چەند ساڵی ڕابردووی ئاشكرا كرد و ڕای گەیاند، زیاتر لە شەش تۆن مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و زیاتر لە هەزار باندی بازرگانیش هەڵوەشێنراونەتەوە.

عەمید عەباس بەهادلی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، كۆمەڵێك ئاماری گرنگی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەكان لە عێراق خستەڕوو.

بەپێی ئەو ئامارانە لە ساڵی 2023ـەوە تا ئەمڕۆ، لە عێراقدا دەست بەسەر شەش تۆن و 800 كیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە، لە كاتێكدایە لە ساڵانی پێشتر واتە لە ساڵی 2022، تەنیا دوو تۆن مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.

بەهادلی ڕاشی گەیاند، بە پشتگیریی دادگا، توانیویانە هەزار 789 تۆڕ و باندی بازرگانیی مادەی هۆشبەر هەڵوەشێننەوە، 190 سكاڵای نێودەوڵەتی بۆ گرتنی بازرگانانی مادە هۆشبەرەكان تۆمار كراون، نزیكەی 380 بڕیاری لەسێدارەدان بۆ تۆمەتباران دەرچووە، هاوكات هەزار و 500 سزای گرتنی هەمیشەیی بەسەر تاوانباراندا سەپێنراوە.

لەبارەی لایەنی مرۆیی و چارەسەركردنی تووشبووانەوە بەهادلی ڕای گەیاند، 16 ناوەند بۆ چارەسەركردنی ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەكان دروست كراون، تا ئێستە زیاتر لە نۆ هەزار و 519 ئالوودەبووی لەخۆ گرتووە.

گوتیشی: ئالوودەبوون هەموو توێژەكانی گرتووەتەوە، لەو ژمارانە 10 كەس كە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرن، دووی تریش دكتۆرن، لە هەمان كاتیشدا 240 كەسی تر خاوەنی بڕوانامەی بەكالوریۆس و 107ـی تریش هەڵگری بڕوانامەی دیپلۆمن و پێنج هەزاری تریش فەرمانبەرن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *