دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگەی سمنانی ئێران، كۆمەڵە خەڵكێك كە ژمارەیان زیاتر لە 150 كەس دەبوو، هەڵیان كوتایە سەر بەشی ناوخۆیی تایبەت بە قوتابیانی عێراق لە زانكۆی سمنان، ئەوانیان ئازار دا و پارە و مۆبایل و شتە گرانبەهاكانیان لێ بردن، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوا دەكات لێپرسینەوە لەگەڵ دەستدرێژیكاران بۆ سەر قوتابییە عێراقییەكان بكرێت.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، چاودێریی رووداوەكەی ئەمڕۆ دەستدرێژیكردنە سەر ژمارەیەك قوتابی عێراقی لە شوێنی مانەوەیان لە پارێزگای سمنان دەكەین، كە لە لایەن ژمارەیەك هاووڵاتیی ئێرانییەوە هێرشیان كرایە سەر، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە باڵوێزخانەی عێراق لە تاران كرد بۆ ئاشنابوون بە وردەكاریی رووداوەكە و باڵوێزخانەكەش شاندێكی بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی قوتابییەكان و پێوەندیكردن بە دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ بەردواداچوون بۆ لێكۆڵینەوەكان رەوانە كرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە پێویستی زانی لێپرسینەوە و رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر بە هێرشبەران وەربگیرێت، ستایشی رێوشوێنەكانی دەسەڵاتدارانی ئێرانی بۆ پاراستنی قوتابیانی عێراقی و گواستنەوەیان بۆ زانكۆكەیان بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەیان كرد، باسی گرنگی دابینكردنی دۆخێكی گونجاو بۆ پاراستنی سەلامەتی عێراقییەكان لە ئێران و رێگرتن لە دووبارەنەبوونەوەی ئەو رووداوانە كرد.
















Leave a Reply