هەفتەی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووجار ویستی كۆ ببێتەوە و بابەتی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی یەكلا بكاتەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكان نەیتوانی و بڕیار بوو شەمووی رابردوو كۆ ببێتەوە، جارێكی تر كۆبوونەوەكە بۆ ئەمشەو هاتە دواخستن، پەرلەمانتار و سەركردەیەكی شیعە دووپاتی كردەوە كە كۆبوونەوەی ئەمشەو لە سەعات هەشتی ئێوارە لە ماڵی عەمار حەكیم ساز دەكرێت.
عامر فایز گوتی، تا ئێستە ئەگەری سازكردنی كۆبوونەوەكەی ئەمشەوی چوارچێوە هەیە و تیایدا دۆسیەی كاندیدی سەرۆك وەزیران دەخرێتە روو، راگەیاندنی ناوی كاندیدەكەش پێوەستە بە گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان هەر 12 هێزەكەی پێكهێنەری چوارچێوەكە.
روونی كردەوە، رەنگە لە كۆبوونەوەكەی ئەمشەو هێزەكانی بە رێككەوتن بگەن و ئەو بابەتە یەكلا بكەنەوە، لەو حاڵەتەش راستەوخۆ ناوی كاندیدەكە دێتە راگەیاندن، هاوكات تا ئێستە ئەگەری دواخستنی كۆبوونەوەكە هەیە، ئەگەریش هەیە كۆبوونەوەكە بكرێت و ناوی كاندیدان كەم بكرێتەوە، بەو پێیەی لە كۆبوونەوەیەكی تر كاندیدی كۆتایی دیاری بكرێت و بە فەرمی بێتە راگەیاندن.
















Leave a Reply