سەدر خۆپێشاندانەكانی ئەوروپا بە بەهاری ئەوروپی وەسف دەكات و وریایی دەدات

بینەر: (951)

ماوەیەكی خۆپێشاندانی فرەوان ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپی گرتووەتەوە و ناڕەزایەتییەكی فرەوان لە دژی هەژاری و خراپی بژێوی و خراپیی خزمەتگوزارییەكان سەری هەڵداوە، دۆخەكە لە هەندێك وڵات، بەتایبەتی لە فڕەنسا زۆر پەرەی سەندووە و ئاراستەیەكی مەترسیداری توندوتیژی وەرگرتووە، موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی نیشتمانی شیعە وریایی لەوبارەوە دەدات.

سەدر لە پۆستێك خۆپێشاندانەكانی فڕەنسا و چەند وڵاتێكی ئەوروپا بە بەهاری ئەوروپی وەسف دەكات و داوا لە گەنجانی عەرەب و ئیسلامی دەكات وریا بن، ئاماژە دەكات كە ئەگەری هەیە ئەوەی لە شەقامەكانی ئەوروپا دەگوزەرێت، بەهارێكی ئەوروپی گەلێك بێت ئارامی لە باڵادەستیی ئەمەریكا و ئیسرائیل بەسەر سامانەكانیان نەمابێت.

روونی كردەوە، خۆبەزلزانیی ئیسرائیل و ئەمەریكا بەسەر كیشوەری ئەوروپا لە هەڵكشانە، بۆیە ئەگەری هەیە بەهارێك تەواوی وڵاتانی ئەوروپا یان زۆرینەی بگرێتەوە نەك تەنیا ئەڵمانیا و فڕەنسا و ئەلبانیا و ئەوانی تر، دەكرێ بڵێین ئەوەی روودەدات پایزێكی ئەوروپییە و سەرەتای هەڵوەرینی تەواوی گەڵاكان و وشكبوونی هەموو قەدە سیاسییەكانە، خۆی لە باڵادەستیی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەبینێتەوە، كە كۆنترۆڵی تەواوی كایەكانی ئابووری و سیاسی و هەڵبژاردنی وڵاتانی ئەوروپا دەكات.

سەدر داوای لە وڵاتانی لاواز كرد كە پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی نەكەنەوە و بێ بەرانبەر پارەیان پێ نەدەن، داوای لە گەلە عەرەبی و ئیسلامییەكان كرد، بە تایبەتی گەنجان، كە باوەڕیان بە ئەمەریكا و رۆژئاوا هەیە، وریا بن، داواشی لە یەمەن و سعوودیە كرد ئەو شەڕە بوەستێنن، كە دڵی ئەمەریكا خۆش دەكات و باڵادەستی لە ناوچەكە زیاد دەكات، هاوكات دەكرێ سەرەتایەك بێت بۆ شەڕی تری بە وەكالەت، بەتایبەتی لە عێراق و لبنان و سووریا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *