سبەی شەپۆلێكی بارانبارین و هەورەتریشقە هەرێم دەگرێتەوە

بینەر: (1.5K)

ئەمڕۆ دووشەم 12ی تشرینی یەكەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان، بڕی بارانبارینی 12 سەعاتی ڕابردووی ناوچەكانی بڵاو كردەوە و پێشبینی دەكات سبەی سێشەم، شەپۆلێكی نوێی بارانبارین و هەورەتریشقە بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە و پلەكانی گەرماش بە بڕی دوو بۆ سێ پلە دابەزن.

لە ڕاگەیەنراوێكدا هاتووە، سەبارەت بە ڕێژەی بارانبارینی 12 سەعاتی ڕابردوو لە هەندێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، لە سلێمانی 0.1 ملم، چەمچەماڵ دڵۆپ دڵۆپ، دهۆك دڵۆپ دڵۆپ، زاخۆ 0.1 ملم، خەبات دوو ملم، بارزان 0.2 ملم، هەڵشۆ 0.4 ملم و لە حاجی ئۆمەرانیش 0.2 ملم باران باریوە.

لەبارەی كەشوهەوای سبەی سێشەم، ئاماژە بەوە كراوە كە ئاسمانی هەرێمی كوردستان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ دەستپێكردنی بارانبارین، كە هەندێك جار هەورەتریشقەی لەگەڵدا دەبێت. لە كاتەكانی بەیانیدا كاریگەرییەكە لە ناوچە شاخاوییەكانی باكوری هەرێم، پارێزگای دهۆك و زاخۆ دەبێت، پاشان لە كاتەكانی نیوەڕۆدا كاریگەرییەكە بە لاوازی درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین، هەولێر و ناوچە شاخاوییەكانی، سلێمانی، هەڵەبجە و بەشێك لە ناوچەكانی گەرمیان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *