رۆبیۆ: سازكردنی رێككەوتنێكی لەگەڵ ئێران سەختە

بینەر: (1.0K)

بڕیارە شاندی ئێران و ئەمەریكا گەڕێكی نوێی دانوستانی ئەتۆمی لە جنێڤ ساز بكەن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران سەختە، بەڵام واشنتن هەموو هەوڵێك بۆ ئەو مەبەستە دەدات.

ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی هاوبەشی رۆژنامەوانی لەگەڵ ڤیكتۆر ئۆربان سەرۆك وەزیرانی مەجەڕ دووپاتی كردەوە، گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران كارێكی سەختە، هەر ئەوەمان گوتووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا هەوڵی بۆ دەدەین، دانوستانكارانمان بەرێگەوەن بۆ ئەوێ و چەند كۆبوونەوەیەك ساز دەكەن و با بزانین چی دەبێت، هیوادارین بە رێككەوتن بگەین.

روونی كردەوە، ئەوەی دەمانەوێ رۆڵێك بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بگێڕین ئەكەر بكرێت، ئەگینا هەوڵی سەپاندنی رێككەوتن بەسەر هیچ كەسێك نادەین و هیچ لایەنێك بۆ قبووڵكردنی رێككەوتنێك كە نایەوێ ناچار ناكەین، تەنیا دەمانەوێ یارمەتیان بدەین.

لای خۆیەوە مەجید تەخت روانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 60% ئامادەیە، بەو مەرجەی واشنتن لە لابردنی سزا ئابوورییەكانی سەر ئێران رازی بێت.

روانچی وریایی لە بڵاوكردنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، كە ئێستە 40 هەزار سەربازی لە ناوچەكە هەن، گوتی، ئەگەر ئەو كۆكردنەوەی هێزە ببێتە هەڕەشەیەكی مان و نەمان بۆ ئێران، وەڵامێكی گونجاومان بۆی دەبێت، لە حاڵەتی هەر هێرشێك بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا دەبنە ئامانج و یارییەكە بە تەواوەتی دەگۆڕێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *