دوای بەڕێوەچوونی یەكەم گەڕی دانوستانەكانی ئیسرائیل و لبنان لە واشنتن لە هەفتەی رابردوو، ئەمڕۆ دووشەم میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە كە بڕیارە دووەم گەڕی دانوستانەكان لە واشنتن بەڕێوە بچێت، باڵوێزی هەردوو وڵات بەشداری لە گفتوگۆ راستەوخۆكان دەكەن.
ماڵپەڕی ” i24 NEWS “، بڵاوی كردەوە بڕیارە دووەم گەڕی دانوستانەكانی ئیسرائیل و لبنان لە واشنتن رۆژی پێنجشەمی داهاتوو بەڕێوە بچێت، لە كۆبوونەوەكان هەریەك لە یحیئیل لیتر باڵوێزی ئیسرائیل لە ئەمەریكا و نەدا حەمادە باڵوێزی لبنان لەو وڵاتە ئامادەی بن، ئەوەش دوای ئەوەی بەر لە هەفتەیەك شاندی هەردوو وڵات لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە واشنتن یەكەم گەڕی راستەوخۆی دانوستانەكانیان دەست پێ كرد، كە یەكەمە لەوەتەی هەشتاكانی سەتەی رابردووەوە.
دانوستانەكانی ئیسرائیل و لبنان بە ناوەنگیری و سەرپەرشتیی ئەمەریكا بەڕێوە دەچێت، بە مەبەستی كۆتاهێنان بە شەڕ و هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە بەهۆی حزبوڵای لبنانییەوە و ئارامبوونەوەی سنوورەكانیان، باڵوێزی ئیسرائیل لەبارەی گەڕی یەكەمی دانوستانەكان گوتی ئەنجامی باشی هەبووە و سەركەوتنێكی گەورە بووە بەسەر حزبوڵا و گەلان و حكوومەتەكانی هەردوو وڵات یەك ریزن و ئەوان خواستی داماڵینی تەواوەتیی چەكی حزبوڵایان دووپات كردووەتەوە.
















Leave a Reply