لە دوای سەردانی بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ بەغدا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەركردە شیعەكان، ئەوان لیژنەیەكی سێكەسییان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەت و میلیشیاكان پێك هێنا بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی داماڵینی چەك بەپێی پێشنیازەكانی تاران، بەڵام دوای هەفتەیەك لە گفتوگۆی لیژنەكە، پێ دەچێت بە هیچ ئەنجامێك نەگەیشتبن.
بەپێی چەند سەرچاوەیەك، دوای هەفتەیەك لە گفتوگۆی لیژنە سێكەسییەكەی شیعە، نووری مالیكی و هادی عامری و محەمەد شیاع سوودانی، لەگەڵ میلیشیاكان، ئەوان چەند مەرجێكیان دیاری كردووە و ئێستە لە لایەن ئەمەریكاوە تاوتوێ دەكرێت، ئەوە لەوكاتەی پێشتر ئەمەریكا هیچ رێگەچارەیەكی تری جگە لە داماڵینی چەكی میلیشیاكات رەت دەكردەوە.
ئەحمەد یاسری توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، لەو كاتەدا و لە دۆسیەی داماڵینی چەك بژارەی بەردەم میلیشیاكان سنووردارە، پێ دەچێت هەڵەتێگەیشتن لە پەیامەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران لە لایەن میلیشیاكانەوە هەبێت، كە گوتی رووبەڕووی میلیشیاكان نابێتەوە، چونكە زەیدی رووبەڕوویان نابێتەوە، بەڵكو ئەمەریكا ئەو كارە دەكات.
روونی كردەوە، ئەو هەڵوێستەی حكوومەتی عێراق مانای وازهێنان لە میلیشیاكان نییە، بەڵكو دۆزینەوەی چەترێكی سیاسییە بۆیان بۆ رێگرتن لە كرنەئامانجیان، زەیدی دەیەوێ ببێتە داپۆشەری میلیشیاكان بۆ رێگرتن لە كردنەئامانجیان، بە شیعە دەڵێت، ئەگەر ئێوە سوورن لەسەر ئەو بابەتە، ئەوە خۆتان چارەسەری بكەن، چونكە لە دەستی ئەمەریكادایە نەك بەغدا.
یاسری پێی وایە كە حكوومەتی عێراق رووبەڕووی میلیشیاكان نابێتەوە، كێشەكە لەوەدایە كە رەنگە بڕیارەكە تەنیا بە دەستی بەغدا نەبێت، چونكە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەدوای دەستكەوت و سەركەوتن دەگەڕێت و هەر كردنەئامانجێكی میلیشیاكان و لاوازكردنیان بۆ ترەمپ لە بەرانبەر بە ئێران دەستكەوتە.
















Leave a Reply