حەوت نەخۆشخانەی ئەهلی لە هەولێر داخران

بینەر: (814)

بەرپرسی پشكنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەهۆی جێبەجێ‌ نەكردنی رێنوێنییەكان ئەمڕۆیش نەخۆشخانەیەكی ئەهلیی لە هەولێر داخراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم سێی ئەیلوول، د.رەسووڵ عەبدولخاڵق بەرپرسی پشكنین و بەدواداچوون، بە “وشە”ی راگەیاند، چاودێریان لەسەر نەخۆشخانە ئەهلییەكان توند كردووە، چونكە ئەگەر نەخۆشخانەكان پابەندی رێنوێنی وەزارەت نەبن، كارەساتی لێ‌ دەكەوێتەوە وەك ئەوەی دوێنی كە كچێكی تەمەن 21 ساڵ لە نەشتەرگەری نەخۆشخانەیەكی ئەهلیی گیانی لە دەست دا.

روونیشی كردەوە كە ئەو نەخۆشخانەی دوێنی كارەساتەكەی ناوەتەوە چەندان پێشێلكارییان كردووە و هەموویشی تۆمار كراون، بۆیە بڕیاری داخستنی تەواوی دراوە تا ئەوكاتەی كە دادگا بڕیاری كۆتایی دەكات.

د.رەسووڵ عەبدولخاڵق ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە حەوت نەخۆشخانە بەهۆی كەموكوڕی داخراون و هەر ئەمڕۆیش نەخۆشخانەیەكی تری داخراوە و ئەو پڕۆسەیەش بەردەوام دەبێت.

جێی ئاماژەیە كە دوێنی د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە “وشە”ی گوتبوو كە چاودێرییەكانیان وەك هەمیشە لەسەر نەخۆشخانە ئەهلییەكان چڕتر دەكەنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *