حكوومەتی سووریا ناوی كۆبانێ بۆ “عەین ئەلعەرەب” دەگۆڕێت و كورد تووڕە بووە

بینەر: (26)

لە رۆژانی رابردوودا حكوومەتی سووریا لەبری ناوی كۆبانێ، “عەین ئەلعەرەب”ی بەفەرمی بەكار هێنا، ئەمەش ناڕەزایی زۆری دروست كرد، 26 حزبی سیاسی و ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە.

26 حزبی سیاسی و ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژاوای كوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا ناڕەزایەتیی توندیان بەرانبەر بە بەكارهێنانی ناوی “عەین ئەلعەرەب” لە بەڵگەنامە فەرمییەكاندا دەربڕی، داوایان كرد ناوی مێژوویی و ڕەسەنی “كۆبانێ” لە تەواوی داودەزگا و تۆمارە كارگێڕییەكاندا بە فەرمی بەكار بهێنرێت.

لە ڕاگەیەنراوەكە هاوبەشەكەدا هاتووە كە ناوی ناوچەكان تەنیا پێناسەیەكی كارگێڕی نین، بەڵكو بەشێكی دانەبڕاون لە مێژوو، كولتوور و یادەوەریی بەكۆمەڵی گەلان.

ئاماژە بەوەش كراوە كە گۆڕینی ناوی شوێنە كوردییەكان لە ڕابردوودا، لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریب (عەرەبكردن) و گۆڕینی دیموگرافیا بووە، بۆیە گەڕاندنەوەی ناوە كوردییەكان هەنگاوێكی گرنگە بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی مێژوویی.

ئەو لایەنە سیاسییانە تیشكیان خستووەتە سەر ئەوەی كە كۆبانێ لە ساڵی 2014دا بەهۆی بەرگرییە قارەمانانەكەی دژی هێرشەكانی داعش، بووە سیمبولێكی جیهانی. ڕاشیان گەیاندووە كە سڕینەوەی ئەم ناوە زیان بەو میراتە مێژووییە دەگەیەنێت.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەدا، داوا لە لایەنە پێوەندیدارەكان كراوە كە لە دەستووری نوێی سووریادا، پرسی كورد وەك كێشەیەكی نیشتمانیی سەرەكی بناسرێت و مافە نەتەوەیی، كولتووری و زمانەوانییەكانی كورد گەرەنتی بكرێن، تا وڵاتەكە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەكسان و دیموكراسی بنیات بنرێتەوە.

هێز و بەشدارەكانی بەیاننامەكە بریتین لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK)، پارتی یەكێتیی دیموكرات (PYD)، پارتی كۆمۆنیستی كوردستان، پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سووریا، تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكراتیك (TEV-DEM)، كۆنگرەی ستار و چەندان لایەنی چەپ و دیموكراتی تری ناوچەكە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *