كەسانێك هەن شەوانە لە كاتی پاڵكەوتن هەست بە بەرزبوونی لێدانی دڵیان دەكەن، ئەوەش نیگەرانیان دەكات و ترسیان لا دروست دەكات لە مەترسیداریی هۆكاری حاڵەتەكە، بەتایبەتی كە لە دۆخێكی حەسانەوەی لەشدا دێت، دڵ بە هێز و بە خێرایی لێ دەدات و تەنانەت هەست بە وەستانی بۆ چەند چركەیەك دەكرێت، شارەزایان پێیان وایە لە زۆرینەی حاڵەتەكان مەترسیدار نییە.
چەند هۆكارێك بۆ ئەو حاڵەتە هەیە، لەوانە خواردنەوەی كحول و كافایین و نیكۆتین و رارایی و گۆڕانكاریی هۆرمۆنی و كەمتریش بە هۆكاری كێشەكانی دڵ، دەكرێ حاڵەتەكە لە هەر كاتێك رووبدات، بەتایبەتی شەوانە، چونكە بە رۆژ سەرقاڵی كار و ژیانی خۆیانن، بەڵام ئەگەر نیشانەی تری لەگەڵ بوو وەك هەناسەتنگی و ئازاری سك، پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت.
كەسانێك هەن بەهۆی شێوازی نوستنیان تووشی دەبنەوە، واتە لاربوونەوە بۆ لایەك و زیادبوونی پەستانی ناو لەش، هۆكارەكانی تر وەك، رارایی و خەمۆكی و نیگەرانی و نۆرەی تۆقین، وشكهەڵگەڕان و شێوانی هاوسەنگیی كانزاكانی لەش كە رۆڵیان لە رێكخستنی لێدانی دڵ هەیە، وەرگرتنی هەندێك جۆری دەرمان، زیادی كێشی لەش و قەڵەوی تا و گۆڕانی هۆرمۆنی و هەندێك خواردنەوەی وەك كحول و كافایین، واتە چاو و قاوە، شوكولاتە خۆراكی شیرین و سوێر و چەور.
هەندێك هۆكاری تر هەن، وەك كەمخوێنی و نەخۆشییەكانی دڵ، وەك دڵەنۆرە و پەككەوتنی دڵ و تێكچوونی ماسولكەی دڵ، شێوانی سیستمی كارەبایی دڵ، نارشێكی لێدانی دڵ، خاوبوونەوە و خێرابوونی لێدانی دڵ.












Leave a Reply