پێوەندیی كەمجووڵانەوە و پرۆستات چییە؟

بینەر: (1.1K)

پرۆستات رژێنێكی قەبارە بچووكە و بەشێكە لە كۆئەندامی زاوزێی نێرینە، رۆڵێكی گەورەی لە وەچەخستنەوە و پرۆسەی سێكسی پیاو هەیە، تۆواوك دروست دەكات كە سپێرمەكانی تیادا دەگوازرێتەوە، كەوتووەتە دەوروبەری ملی میزڵدان، لەگەڵ چوونە ناو تەمەن تووشی چەند كێشەیەك دەبێتەوە، وەك ئاوسان و هەوكردن و شێرپەنجە، چەند هۆكارێك كار لە تەندروستییەكەی دەكەن لەوانە وەرزشكردن و چالاكی و كێشی لەش و قەڵەوی.

رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت، ئاخۆ چالاكیی جەستەیی و وەرزشكردنی رێكوپێكی پیاو كار لە تەندروستی پرۆستات و پاراستن و تووشكردنی بە نەخۆشی و كێشەكان دەكات؟، وەڵامەكە بەڵێیە، كە یەكێك لە رێگەكانی پاراستنی پرۆستات، وەرزشكردن و چالاكیی جەستەیی رێكوپێكە، چەند توێژینەوەیەك دەریان خست كە وەرزشكردن سوودی بۆ تەندروستی پرۆستات هەیە، وەك توێژینەوەیەكی زانكۆی هارڤارد كە ئاماژە دەكات، ئەو پیاوانەی زیاتر لە رووی جەستەییەوە چالاكن، كەمتر تووشی ئاوسانی پرۆستات دەبنەوە، تەنانەت رۆیشتن و وەرزشی سووكیش.

جیا لەوە وەرزشكردنی رێكوپێك سوودی بۆ ئەو پیاوانەش هەیە كە بە دەست هەوكردنی درێژخایەنی پرۆستاتەوە دەناڵێنن، هەروەها ئازار و نیشانەكانی كەم دەكاتەوە، جیا لەوە وەرزش و چالاكیی جەستەیی كێشی ئەو كەسە كەم دەكەنەوە و ئەوەش بۆ تەندروستی پرۆستات باشە، چونكە كەسانی قەڵەو زیاتر تووشی شێرپەنجەی پرۆستات دەبنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *