“ناكۆكییەكە لە عێراق گەیشتووەتە ئاستی قۆرخكردنی دەسەڵاتەكان لە لایەن دەوڵەتەوە”

بینەر: (187)

دوور لەوەی لە میدیاكان دێتە راگەیاندن، ئێستە هێزە شیعەكان ترسی تەواوەتیان لە بەهێزبوونی دەوڵەت و لەدەستدانی هێز و دەسەڵاتی خۆیان هەیە، بۆ بە ناو و پاساوی جیاجیاوە بەربەست دەخەنە بەردەم كارەكانی حكوومەت، بەتایبەتی لە هەردوو هەڵمەتی داماڵینی چەك و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، توێژەرێكی سیاسی پێی وایە ناكۆكی و ململانێكە لە عێراق گەیشتووەتە قۆرخكردنی دەسەڵاتەكانی هێز و یاسا لە لایەن دەوڵەتەوە.

ئێستە هێزەكانی چوارچێوە لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ناكۆكن، بەتایبەتی لە شێوازی ئیدارەدانی هەردوو هەڵمەتی داماڵینی چەك و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە پاڵپشتیكردنی سارد بوونەتەوە، ئێستە ئەوان تەنیا گفتوگۆی چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ناكەن، بەڵكو دەیانەوێ ناوەڕۆكی بڕیارەكان بگۆڕن، لەوانە گۆڕینی رووبەڕووبوونەوەی چەك بۆ ئیدارەدانی چەك و رێكخستنەوەی، ئەوەش بۆ مسۆگەركردنی مانەوەی جبەخانەی چەكەكانی میلیشیاكان لە دەرەوەی دەسەڵات و جبەخانەكانی دەوڵەت.

موهەنەد جەنابی توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، ئێستە ناكۆكییەكان لە ئاستی وادەی دیاریكراو بۆ داماڵینی چەك و وردەكارییە تەكنیكییەكانی نەماوە، بەڵكە گەیشتووەتە بابەتی قۆرخكردنی دەوڵەت بۆ دەسەڵاتەكانی هێز و یاسا، پاشگەزبوونەوە لە داماڵینی چەك بۆ ئیدارەدان، كێشەیەكی راستەقینە دروست دەكات، چونكە ئەگەر ئەو چەكانە و كۆنترۆڵكردنیان لای میلیشیاكان بمێنێتەوە، هێز و دەسەڵات لای دەوڵەت نابێت.

جەنابی پێی وایە هاوكات هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیش سیستمی سیاسیی لە عێراق دەخاتە بەردەم هەمان تاقیكردنەوە، چونكە ئەگەر رێوشوێنە یاساییەكان پێوەست بكرێن بە حیساباتی هێزە سیاسییەكان كە گومانلێكراوەكان سەر بەوانن، سەربەخۆیی دامەزراوەكان نایەتە كایەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *