ماوەیەكە سەرنج خراوەتە سەر گەندەڵییەكانی ساڵانی رابردووی ناو دەزگای شەهیدانی عێراق، بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی ئەنباری ئەو دەزگایە، كە بەڕێوەبەرەكەی ئاماژە دەكات، ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكە ناوی ئەندامانی خێزانەكانیان لە لیستی شەهیدان تۆمار كردووە.
رەهیب هایس بەڕێوەبەری دەزگای شەهیدانی پارێزگای ئەنبار لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا ئاماژە بۆ تێوەگلانی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار لە تۆماركردنی ناوی ئەندامانی خێزانەكانیان لە لیستی شەهیدان دەكات، ئەوە لەوكاتەی ئەوان هێشتا زیندوون و ئاماژەش دەكات كە بە درێژایی ساڵانی رابردوو ئەوان مووچەی شەهیدانەیان وەرگرتووە.
ئەو لێدوانانەی هایس هاوكاتە لەگەڵ ئەو مشتومڕەی لەبارەی ساختەكارییەكی زۆر لە مامەڵەی شەهید و برینداران لە پارێزگای ئەنبار هەیە، لە ناو تۆمەتگۆڕینەوە لە نێوان دەزگای شەهیدانی ئەو پارێزگایە و چەند ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگاكە. مانگی رابردوو عەبدولئیلا نائیلی سەرۆكی دەزگای شەهیدانی عێراق باسی بوونی ساختەكاری و گەندەڵییەكی فرەوانی لەناو دەزگاكە كرد، 20 هەزار مردوو بێ بوونی تەرم تۆمار كراون و وەفاتنامەیان بۆ كراوە، جیا لە بەهەدەردانی سێ تریلیۆن و 200 ملیار دینار تا ساڵی 2024، ئەو لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە ئەنبار دەركردنی وەفاتنامەی بۆ 20 هەزار مردووی بێ تەرم ئاشكرا كردووە.
روونی كردەوە، هەروەها 22 هەزار و 41 حاڵەتی ساختەكاری لە دۆسیەكانی دەزگای شەهیدان لە تەواوی پارێزگاكان ئاشكرا كراوە و ئەنبار لە پێشەنگی ئەو پارێزگایانەیە، لێوردبوونەوەكان دەریان خست كە ناوی 2305 تیرۆریستی كوژراو خراونەتە ناو لیستی شەهیدان، جیا لە 471 بەعسی و 1331 حاڵەتی تر كە مەرجەكانیان تیادا نەبووە، 27 هەزار و 400 دۆسیە راگیراون، ئەوە تا ئێستە 40%ی دۆسیەكان لێوردبوونەوەیان بۆ كراوە، لە رووی داراییشەوە، تا 2024 سێ تریلیۆن و 200 ملیار دینار بەهەدەر دراوە.
















Leave a Reply