لایەنە كوردییەكان بەتێكڕا دەیانەوێت بەشداری حكوومەتی نوێی عێراق بكەن و هیچیان مەیلی ئۆپۆزسیۆنیان لەبەغدا نییە، چاودێرێكیش دەڵێت، ئۆپۆزسیۆنی كورديی تەنیا بۆ دەنگ لە كوردستان ئۆپۆزسیۆنە.
شەوی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەزۆرینە عەلی زەیدی تەمەن 40 ساڵیان دوای بێنەوپەردەیەكی زۆر بەربژێر كرد، بەپێی زانیارییەكان كابینەكەی ئەو گەنجە لە بەغدا هیچ لایەك دژی نابن.
پارتی و یەكێتی هەر لەسەرەتاوە رایانگەیاندووە و كە دەیانەوێت بەشداری حكوومەتی عێراق بكەن و شیعەكان خۆیان بەساحێب ماڵ دەزانن و سوونەكانیش سێ لایەنە سەرەكیەكەیان بەشداری كابینەكەی زەیدی دەكەن.
ئۆپۆزسیۆنی كوردیی كە لەناو كوردستاندا بەردەوام خەریكی دژایەتین لەبەغدا بڕیاری بەشداری حكوومەتیان داوە.
سەمیر سادق كە چاودێری پێكهێنانی حكوومەتی عێراقەوە لەمبارەیەوە بۆ”وشە” گوتی، لایەنە سیاسیەكانی كوردستان هەر یەكەیان دەیانەوێت پشكیان لەبەغدا هەبێت، لەمبارەیەوە جێی پارتی و یەكێتی دیارە، بەڵام تا ئێستە پشكی لایەنە كوردییەكانی تر دیار نییە.
ئەو چاودێرە باسی لەوە كرد، ئۆپۆزسیۆنی كوردیی تەنیا لە كوردستان بەرهەڵستی دەكات، لەبەغدا ئارەزوی دەسەڵات دەكات، ئەگەر بەپشكێكی بچوكیش بێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، لایەنی كوردی لاوازە و پێگەی جارانیان لەبەغدا نییە، بۆیە هیچ لایەكیان دژی حكوومەتەكەی عەلی زەیدی نابن و پێویستیان بەوەش نییە چونكە دەنگیان لە شارەكانی تری كوردستان نییە، ئەوان كار لەسەر دەنگی كوردستان دەكەن و لەبنەماشدا بۆ دەنگ ئۆپۆزسیۆنن نەك بۆ ئامانجی گەورەتر.
نەوەی نوێ لەكاتی دروستبوونیەوە تاوەكو ئێستە لە بەغدا و هەولێر ئۆپۆزسیۆن بووە، بەڵام ئەمجارە ڕای گەیاند، دەیەوێت بەشداری لە حكوومەتی داهاتوو بكات و بەپێی زانیارییەكان ئەوان دەنگدەریان لەدەرەوەی كوردستان نییە بۆیە پێیان باشە لەوێ بەپشكێك بەشداری حكووومەت بكەن.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و ڕەوتی هەڵوێستیش ڕایانگەیاندووە، دەیانەوێت وەك دوو لایەنی دەرەوەی یەكێتی و پارتی بەشداری لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی عێراق بكەن.
لە كابینەكەی سودانی پێنج هێزی كوردستانی كورسی پەرلەمانییان لە بەغداد بەدەستهێنا، یەكێتی، پارتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ، یەكێتی و پارتی بەشدارییان كرد و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد.
















Leave a Reply