عه‌باس عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران دوای دیداری له‌گه‌ڵ پووتین باسی له قووڵی و پته‌وی پێوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی و ڕووسیا كرد و ڕایگه‌یاند كه به گه‌رمی پێشوازی له پشتیوانی مۆسكۆ له هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كان بۆ وه‌ستانی جه‌نگ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن.
به‌یانی دوێنێ دووشه‌م عێراقچی گه‌یشته شاری سانپترسبۆرگ له باكوری ڕۆژئاوای ڕووسیا و له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پووتینی سه‌رۆكی رووسیا كۆبووه‌وه، ئه‌مه‌یش له‌میانه‌ی گه‌ڕێكی گه‌شته‌كانی بۆ سوڵتاننشینی عومان و پاكستان و دواجاریش ڕووسیا، بۆ تاوتوێكردنی پێشهاته‌كانی جه‌نگ و دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاتانه‌دا.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م عێراقچی له لێدوانێكدا گوتی، خۆشحاڵین به پێوه‌ندی به‌هۆی و به‌رده‌واممان له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا له‌گه‌ڵ ڕووسیا له سه‌روبه‌ندی ئه‌و گۆڕانكارییه گه‌وره‌یه‌ی كه ناوچه‌كه پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت.
زیاتر گوتی، ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه قووڵی و به‌هێزی هاوبه‌شایه‌تی ستراتیجی تاران و مۆسكۆی سه‌لماند و سوپاس و ستایشی ئه‌و هاوسۆزی و هاوبه‌شیه‌ین كه ڕووسیا بۆ ئێران خستیه ڕوو.
ئه‌و لێدوانانه له كاتێكدایه كه هه‌وڵ ده‌درێ رووسیایش وه‌ك وڵاتێكی نێوه‌ندگیر له پێناوی یارمه‌تیدان بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئارامی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بێته سه‌ر هێل، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یی مۆسكۆ له سه‌ره‌تاوه به توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیلی بۆ سه‌ر ئێران كرد.
















Leave a Reply