عێراق بەگشتی ڕووبەڕووی تاقیكردنەوەیەكی ئابووری و سیاسیی گەورە دەبێتەوە، لەگەڵ بەردەوامی سەپاندنی سزای نوێ لەلایەن ئەمەریكاوە بەسەر كۆماری ئیسلامیی ئێران كە بازرگانیش وەك بەشێكی سەرەكی دەگرێتەوە، بازاڕی هەرێمی كوردستانیش بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە كاڵای ئێرانی دەبەستێ و ئەگەری زۆرە تووشی ئیفلیجبوون ببێتەوە.
هەرێمی كوردستان دەبێتە یەكێك لە زیانمەندترین شوێنەكان، بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و ئێران بۆ ملیاران دۆلار لە ساڵێكدا، لە كاتێكدا ئابووری هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە هاوردەكردن دەبەستێت، لێرەوە پرسیارێك دێتە كایەوە، ئەگەر هەناردەی كاڵای ئێران بۆ هەرێمی كوردستان كەم بكات، ئایا هەرێم دەتوانێ بە خێرایی قەرەبووی كورتهێنان و كەمی كاڵا لە بازاڕ بكات، یان بەكاربەر دەبێتە دوا كەس و نرخی كاڵاكان بە پارەیەكی زۆر زیاتر دەكڕێ و هێزی كڕین ڕوو لە پاشەكشە دەكات.
مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆكی یەكێتیی هاوردەكاران لە هەرێمی كوردستان گوتی، قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ئێران ئەمساڵ زیاتر بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە نزیكەی شەش ملیار دۆلاری ئەمەریكی.
ئەو بۆ ڕۆژنامەی “عالەم جەدید” گوتی، 12 دەروازەی سنووری هەرێمی كوردستان بە ئێران دەبەستێتەوە و قەبارەی بازرگانی ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبێ و بازاڕی هەرێمی كوردستان هاوردەكاری سەرەكیی كاڵای ئێرانییە، بەتایبەت هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە.
زیاتر گوتی، هاوردەكردنی كاڵا تا ئێستەیش لەگەڵ ئێران بەردەوامی هەیە، كاڵاكان ڕۆژانە لە دەروازەكانی سنوور لە ئێرانەوە دێنە ناو هەرێمی كوردستان، تا ئێستە بە هیچ شێوەیەك ئاگادار نەكراوینەتەوە لەوەی هاوردەكردنمان لە ئێران كەم دەبێتەوە.
سكۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا پێشتر گوتی، هەڵمەتێكی گەورەی سزای ئابووری دەسەپێنینە سەر ئێران، ئێران و سەرجەم ئەو وڵاتانەی پشتیوانی دەكەن، لەو هەڵمەتە بە ئامانج دەگیرێن، تا بتوانرێ شادەماری دارایی و ئابووری ئێران بە تەواوی وشك بكرێت.
زیاتر گوتی، ئەو هەڵمەتە كە پێشتر هاوشێوەی نەبووە و چەندان داودەزگەی حكوومەتی ئەمەریكا كاری تێدا دەكەن، سەپاندنی سزای بەسەر 60 قەوارە و كەس و كەشتیی پێوەست بە ئێران لە كەرتی وزەی ناوكی و مووشەك و نەوت ڕاگەیاند.
بەرهەم ئەحمەد ئەندامی ژووری بازرگانیی سلێمانی گوتی، هەرێم بە ئاستێكی گەورە پشت بە كاڵای هاوردەكراو لە ئێرانەوە دەبەستێت، ئەو ڕێژەیە دەگاتە نزیكەی 75%ی ئەو كاڵایانەی لە بازاڕ هەن، بەتایبەت لە سلێمانی.
زیاتر گوتی، تا ئێستە ڕوون نییە كە سزاكانی ئەمەریكا، كاڵا بازرگانییەكانی وەك كەلوپەلی خۆراك و سەوزەوات و پێویستی بنیاتنان و كەلوپەلی پزیشكیش دەگرنەوە، یان تەنیا خۆی لە غازی سروشتی و دراوی قورس دەبینێتەوە.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، بازاڕی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی كێشەی زۆر قورس دەبێتەوە و ئەستەمە بتوانرێ قەرەبووی كاڵای ئێرانی لە بازاڕ بكرێتەوە، هەر دەروازەیەكی سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران ڕۆژانە 200 بارهەڵگری پێدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە بازاڕ زیانی یەكجار گەورەی بەردەكەوێت.
قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 12 ملیار دۆلاری ئەمەریكی بووە، ئەوە بڕە زەبەلاحە بەشێوەیەكی سەرەكی خۆی لە هاوردەكردنی كەلوپەلی خۆراك و بەكاربردن دەبینێتەوە، لێدوانەكانی بەرپرسانی عێراقیش دووپات لەوە دەكەنەوە، عێراق خواستی ئەوەی هەیە كە قەبارەی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵات ساڵانە بۆ 20 ملیار دۆلار بەرز بكاتەوە.
وزە بەشێكی سەرەكی و گەوهەری پێوەندیی ئابووری نێوان تاران و بەغدا، ساڵانە بەغدا چوار تا پێنج ملیار دۆلار بەرانبەر بە غازی سروشتی بە ئێران دەدات، لەو ڕێگەیشەوە بەغدا كارەبا بەرهەم دەهێنێت.
فەرمان حوسێن پسپۆری ئابووری دەڵێ، قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران زیاترە لە شەش ملیار دۆلار، ئەو شەش ملیار دۆلارە تەنیا قەبارەی بازرگانی لە نێوان مەرزە فەرمییەكانی نێوان هەردوولایە، جیا لەوە مەرزی وەهمی و نایاساییش بوونیان هەیە، بەتایبەت لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە، بۆیە كۆی گشتی قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوولا بە زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
بەشێوەیەكی گشتی بازاڕی هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی 60% پشت بە كاڵای ئێرانی دەبەستێ و تەنیا سلێمانی بە ڕێژەی 75% پێویستی بە كاڵای ئێرانییە. هۆكاری هاوردەكردنی كاڵای ئێرانیش بەو ڕێژە زۆرە ئابووریناسەكە دەڵێ، بەهۆی زۆری كاڵاكان و كەمی تێچووی گواستنەوە و هەرزانی بە بەراورد بە كاڵای توركی و ئەوروپی، خەڵك بەلێشاو ڕوو لە كڕینی كاڵای ئێرانی دەكەن.
















Leave a Reply