ئایا پێكدادانی نێوان ڕووسیا و بەریتانیا نزیك بووەتەوە؟

بینەر: (861)

ململانێی نێوان ڕووسیا و وڵاتانی ئەوروپا گەیشتووەتە مەترسیدارترین ئاست، مۆسكۆ خەریكی گواستنەوەی گۆڕەپانی جەنگی ئۆكراینایە بۆ قووڵایی خاكی ئەو وڵاتانەی پشتیوانی لە كیێڤ دەكەن، لە رێی هەڵمەتی تێكدان و ئاڵۆزی و هێرشی نهێنی بۆ سەر دامەزراوە گرنگ و هەستیارەكان، ئەمەیش مەترسیی فراوانبوونی جەنگی بۆ دەرەوەی سنوورەكانی ئۆكراینا زۆر زیاد كردووە.

پێگەی “ئای په‌یپه‌ر”ی بەریتانی هۆشداریی لە مەترسیی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر بەریتانیا داوە، دوای ئەوەی درۆنێكی پڕ لە تەقەمەنی لە نزیك فڕۆكەخانەی لایپزیگی ئەڵمانیا دۆزرایەوە و بەرلین هاتنی ئەو درۆنە و ئەو هەوڵەی خستە ئەستۆی مۆسكۆوە، لەندەنیش پەرەسەندنی گرژییەكانی ڕووسیا لەگەڵ ناوچەی خۆڵەمێشی جەنگ كە وڵاتانی ئەوروپان و پشتیوانی ئۆكراینا دەكەن بە مەترسی ناو دەبات.

درۆنە پڕ لە تەقەمەنییەكەی نزیك فڕۆكەخانەی لایپزیگی، لە نزیك دامەزراوەیەك بووە كە فڕۆكەكانی بارهەڵگر تێیدا گیرساونەتەوە، لێكۆڵەرانی ئەڵمانیا دووپات لەوە دەكەنەوە كە نەتەقینەوەی درۆنەكە لە ناو فڕۆكەخانەكە بە ڕێككەوت بووە، یان مۆسكۆ ویستوویەتی پشت بە بریكارەكانی لە ناوخۆی ئەڵمانیا ببەستێت، نەك سیخوڕ و ئەفسەرانی دەزگەی هەواڵگری رووسیا خۆیان ئەو كارە ئەنجام بدەن.

سەرچاوە بەریتانییەكان دەڵێن، مەترسیی هێرشكردنە سەر شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، بەهۆی ئەوەی مۆسكۆ خەریكی سزادانی ئەو وڵاتانەیە كە چەك و كەلوپەلی سەربازی بە ئۆكراینا دەدەن و تێچووی جەنگ لە رووی تەناهی و دارایی و سەربازییەوە لەسەر ڕووسیا زیاتر دەكەن، گرەو لەسەر دروستبوونی ناكۆكی ناوخۆیی لە ڕووسیا دەكەن.

هەڕەشەكانی رووسیا بۆ سەر بەریتانیا زیاتر بوون، كاتێك ئەو درۆنانەی هێرشیان كردووەتە سەر ناوچەكانی ناوخۆی رووسیا، دەركەوتووە لە بەریتانیا دروست كراون، جیا لەوەیش بەمدواییە لەندەن رەزامەندیی دا كە نەخشە و چۆنیەتی دروستكردنی مووشەكی دوورمەودا بە ئۆكراینا بدات.

ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دوای ئەو پێشهاتانە هۆشداریی دا، دامەزراوەكان و پێگە سەربازییەكانی بەریتانیا لە ئۆكراینا و دەرەوەی ئۆكراینا دەبنە ئامانجی ڕەوای هێرشەكانمان.

ئاندی برایس بەرپرسی پێشوو لە دامەزراوەی نەهێشتنی زانیاری ساختە لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا گوتی، گوتاری رووسیا ئێستە بە روونی زۆرترین دوژمنكاریی بەرانبەر بە بەریتانیا پێوە دیارە، هەڕەشە زۆرەكانی ڕووسیا ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر بەریتانیا دەهێننە ئاراوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، بەریتانیا هەڵمەتی ڕووسیای دژی خۆی بینیوە، لەوانە سووتاندنی وێستگەیەكی كەلوپەلی مانگی دەستكرد كە لە ئادار/مارسی 2024 بەرەو ئۆكراینا دەبران، هەروەها مادەی سووتێنەر و تەقێنەر كە ڕەوانەی بەریتانیا و پۆڵەندا كرابوون و لەمدواییەیش لە فڕۆكەخانەی لایپزیگ دۆزرانەوە.

ئەمانە سەرجەمیان پەیامی روون و ئاشكران كە مۆسكۆ ئاراستەی پایتەختی وڵاتانی ئەوروپای دەكات، بەردەوامیشە لە هەوڵدان بۆ تۆڵەكردنەوە و زیانگەیاندن بە وڵاتانی ئەوروپا كە پشتیوانیی سەرسەختی ئۆكراینا دەكەن.

پیتەر نیومان پسپۆری زانستی تەناهی لە كینگز كۆلێج لە لەندەن دەڵێ، ئەو هەڵماتە ئامانجی ئەوەیە هێڵی گەیاندنی كۆمەك و یارمەتیی سەربازیی وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئۆكراینا بپێكێت و بیوەستێنێت، لەگەڵ ئەوەیش مۆسكۆ دەیەوێ ترس و تۆقین لە ناو كۆمەڵگەی وڵاتانی ئەوروپا بڵاو بكاتەوە.

زیاتر گوتی، رووسیا لە هەموو كات زیاتر نزیكە لەوەی گورز بوەشێنێتە وڵاتێكی ناو هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی “ناتۆ”، پێشتریش مارك روتەی ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی “ناتۆ” مۆسكۆی بە سەركێشیكردنی زیاد لە پێویست تۆمەتبار كرد، جیا لەوەی دووپاتی لە بەرزبوونەوەی ئاستی چالاكییە دوژمنكارییەكان لە ناو خاكی وڵاتانی ئەندامانی ناتۆ لەلایەن ڕووسیاوە كردەوە.

لە بەرانبەر ئەمانەدا حكوومەتەكانی ئەوروپا سوورن لەسەر ئەوەی پاشەكشە لە پشتیوانیكردنی ئۆكراینا ناكەن و هەڕەشەكان نایانترسێنێ و بەردەوام دەبن لە كۆمەككردنی كیێڤ، هاوكات كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا ڕووداوەكەی لایپزیگی ئەڵمانیای بە واقیعێكی سروشتی نوێ ناوبرد.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *