چارەنووسی شەڕی ئێران و ئەمەریكا چییە؟

بینەر: (940)

لە دوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كۆشكی سپی، ئەو هەڵمەتێكی چڕی لە دژی ئێران دەست پێ كرد، لەگەڵ ئیسرائیل دوو گەڕی شەڕیان لە دژی ئێران هەڵگیرساند و گورزی گەورەیان لە تاران وەشاند، لەوانە كوشتنی رابەری باڵا و دەیان فەرماندەی سوپای پاسداران و وێرانكردنی وێستگە ئەتۆمی و ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە، ئێستەش گەمارۆی سەختی دەریاییان خستووەتە سەر بەندەر و كەتی نەوتی و سزای توندی دارایی و ئابووری و بازرگانیان لەسەر داناوە، بەرپرسێكی باڵای پێشووی ئەمەریكا باسی چارەنووسی شەڕەكە دەكات.

لیۆن پانیتا وەزیری پێشووتری بەرگریی ئەمەریكا و بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لە سەردەمی ئۆباما لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی “گاردیان”، گوتی، ئەمەریكا و ئێران لە دۆخێكی مەترسیدار گیریان خواردووەن لەوكاتەی بژارەی كەم و سنووردار بۆ كۆتاهاتنی شەڕەكەیان هەیە، وریایی لەوە دەدات كە رەنگە شەڕی ئێران شەش مانگی تر بخایەنێت، ئەگەری هەیە ببێتە شەڕێكی تری درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای شەڕەكانی عێراق و ئەفغانستان، بێ بوونی ئاسۆیەكی روون سەبارەت بە كۆتاهاتنی.

پانیتا كە لە 2011 تا 2013 وەزیری بەرگری بووە، روونی كردەوە، ململانێكە خەریكە دەبێتە شەڕێكی تری شكستخواردوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هاوشێوەی شەڕەكانی عێراق و ئەفغانستان، ئاماژەی كرد، ئەگەرە زۆر پێشبینیكراوەكە بەردەوامبوونی شەڕەكەیە بۆ شەش مانگی تر بێ گەیشتن بە چارەسەرێكی دیاریكراو، سەربازانی ئەمەریكا روو لە جەنگ دەكەن، لەوكاتەی كێشەی گەورە لە سەركردایەتیی سەربازی هەیە، وەك ئەوە وایە كەس نەبێت كۆنترۆڵی دۆخەكە بكات.

دووپاتی كردەوە، بابەتەكە ئێران یان نەیارانی تر بێت، ئێستە ئەوان وا سەیری ئەمەریكا دەكەن و بوونی چەندان خاڵی لاواز لە تواناكانی بۆ سەپاندنی هێزی سەربازی و توانای بەرگریكردن لە وڵات دەبینن، ئێستە گەورەترین سەرچاوەی نیگەرانی چین و رووسیا و كۆریای باكور و تیرۆرە، جیا لە ئێران، لەوكاتەی ئەوانە هاوئاهەنگن و پاڵپشتی یەكتر دەكەن، لەو قۆناغەدا بە لاوازی سەیری ئەمەریكا دەكەن، ئەوەش پەیامێكی زۆر نیگەرانكەرە لە سایەی ئەو هەڕەشانەی رووبەڕووی دەبینەوە.

ئەمە و لە ئاداری رابردوو، واتە دوای سێ هەفتە لە دەست پێكردنی دووەم هەڵمەتی سەربازیی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، پانیتا ئەوكات گوتی، ترەمپ لە نێوان دوو بژارەی زەحمەت گیری خواردووە، فرەوانكردنی شەڕ بە مەبەستی كۆتاهێنان بە توانای تاران لە كاریگەری بۆ سەر گەرووی هورمز یان كشانەوە و راگەیاندنی سەركەوتن، سەرەڕای مەترسی دەركەوتنی بە شێوەی شكستخواردوو.

ئەمڕۆ پانیتا دێتەوە و باسی چارەنووسی شەڕەكە دەكات و پێی وایە ئێستە ترەمپ لەبەردەم سێ بژارەدایە، پاشەكشە و دداننان بەوەی شەڕەكە شكستی خواردووە، كە بژارەیەكی دوورە، دووەم بەردەوامبوونی ئەو دۆخە چەقبەستووەی ئێستە و هێرشی پچڕ پچڕی هەردوولا بۆ سەر یەكتر، لەگەڵ خۆبەدوورگرتن لە شەڕی گەورە، واتە بێ دانوستان و خۆرادەستكردن، سێیەم بژارە كۆنترۆڵكردنی ئەمەریكایە بۆ گەرووی هورمز و لەناوبردنی مەترسیدارترین كارتەكانی گوشاری ئێران، كە بریتییە لە توانای داخستنی گەرووەكە و پەكخستنی هاتوچۆی بازرگانی دنیایی لەو رێگەیەوە.

شارەزایان ئاماژە دەكەن كە رەنگە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو، بەتایبەتی لە دوای هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێس، توانای راستەقینەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەركیا بۆ پاراستنی رۆڵی ئەمەریكا وەك پۆلیسێكی پارێزەری دەریاییەكان دەربكەوێت، بەتایبەتی ئەگەر كۆمارییەكان زۆرینەی كۆنگرێس ببەنەوە، د. نەبیل حەیدەری توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەمەریكا ناتوانێت لە گەرووی هورمز دەستبەرداری رۆڵی “پۆلسی دەریاكان” بێت، ئەو رێگە بە ئێران نادات، رەخساندنی ئەو هەموو هەلەش بۆ تاران، تا كۆتاهاتنی دۆخە سیاسییەكەیە، بۆیە ئێستە خەریكی ئامادەسازیی سەربازییە و رەنگە داهاتوو زۆر جیاواز بێت.

زیاتر گوتی، ترەمپ ترسی لە پاشەكشەی كۆمارییەكان لە كۆنگرێس لە هەڵبژاردنی نیوەیی هەیە، ئەوە وای كردووە تاران سوود لەو دۆخە ببینێت، بەڵام ئەو هاوكێشە لە ماوەی دوو مانگی تر كۆتایی دێت، بڕیار بوو ترەمپ گورزێكی گەورە لە ئێران بوەشێنێت، بۆیە تاران داوای لە ناوەندگیران كرد بۆ هاتنە ناو بابەتەكە، ئێستەش خەریكی خۆدزینەوەیە و مەرجی زیاتری بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز دیاری كردووە، بۆ پاراستنی ئابڕووی لە ناوەوە لە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكانی كە داوای لە وڵاتانی ناوچەكە كردووە ئەمەریكا هێرشەكانی بوەستێنێت و گەرووی هورمز دەكاتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *