زەیدی دووپات لە كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار لە بازاڕ دەكاتەوە

بینەر: (1.1K)

لە دوای بڕیاری حكوومەتی عێراق بە گرانكردنی نرخی فەرمیی دۆلار بۆ سەرووی 1500 دینار، تا ئێستە لێكەوتەكانی ئەو بەرزبوونەوە لەسەر بازاڕ و لە میدیاكان بە تەواوەتی نەڕەویتەوە، هاوكات سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەرگریكردن لە بڕیارەكەی بەردەوامە و ئەمڕۆ دووپاتی لە پێویستیی كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار لە بازاڕەكان كردەوە.

ئەمڕۆ دووشەم عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەیەك لە دیوانی پارێزگای نەینەوا رای گەیاند كە حكوومەت لە جێبەجێكردنی پلانەكانی پەرەپێدانی پارێزگاكان بەردەوامە، نەینەوا شایەنی ئەوەیە هەوڵی زیاتری بۆ بدرێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و بژێویی هاووڵاتییانی، هاوكات دەرگە لەبەردەم چاودێری هەر كەموكورتییەك واڵایە، بۆ ئەوەی پارێزگاكە دوارۆژێكی شایستەی بە خۆی و مێژوو و كولتوورەكەی هەبێت.

بەپێی راگەیندراوێكی نووسینگەكەی، زەیدی ئاماژەی كرد كە پێویستە رووبەڕووی هەر حاڵەتێكی گەندەڵی ببینەوە و گرنگە پارێزگاری لە سامانی گشتی بكرێت و رووبەڕووی هەوڵەكانی شێواندنی ناسنامەی نیشتمانی لە رێگەی نانەوەی دووبەرەكی و دابەشكاری لە نێوان پێكهاتەكانی پارێزگاكە ببینەوە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە حكوومەتەكەی بە چاكسازی دارایی و ئیداری پابەندە، لەوانە كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار و دراوی بیانی و رێگرتن لە یاریكردن بە نرخەكەی لە بازاڕ و وەستانی ئەو لێچوونە ئابوورییەی هەیە لە رێگەی جیاوازیی نرخی دۆلار، كە پێشتر مامەڵەكارانی بازاڕ لەسەر حسێبی ئابووری ناوخۆیی قازانجیان دەكرد.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *