جەیمس جیفری: یەك بژارە لە بەردەم ئەمەریكایە بۆ سەركەوتن بەسەر ئێران

بینەر: (298)

دیپلۆماتكارێكی پێشووی ئەمەریكا لە وتارێكدا دووپات لەوە دەكاتەوە، مانەوەی دۆخی جەنگ لەگەڵ ئێران بە چەقبەسوویی، تاكە بژارەی بەردەم ئەمەریكایە بۆ زاڵبوون بەسەر ئێران، نە بۆردمان و نە جەنگی وشكاییە، بگرە بەردەوامیدانە بە گەمارۆكان و سەبر و ئارامگرتنە، تا دواجار ئێران یان خۆی ڕادەست دەكات و بە تەواوی مەرجەكانی ئەمەریكا ڕازی دەبێت، یانیش لە ناوخۆ ئاڵۆزی دروست دەبێ و ڕژێمەكە لە ناو دەچێت.

جەیمس جێفری لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتەكانی ڕۆژهەڵاتی نزیك و دیپلۆماتكار لە حەوت ئیدارەی پێشووی ئەمەریكا و نوێنەری تایبەتی پێشووی كاروباری سووریا و نێردەی تایبەت بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی داعش لە 2018 تا 2020، لە وتارێكدا لە گۆڤاری فۆرێن ئەفێرز بە ناونیشانی “كەیسی چەقبەستوویی لەگەڵ ئێران.. ئەمەریكا دەتوانێ سەركەوتوو بێت، ئەگەر لەسەر ئەو سیاسەتەی ئێستەی بەردەوام بێت”، نووسیویەتی، دوای شەش مانگ جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران گەیشتووە بە بنبەست، نە واشنتن و نە تاران توانای ئەوەیان نییە كە سەركەوتنی سەربازی و دیپلۆماسی یەكلاكەرەوەیان هەبێت، لەبری ئەوە هەردوولا گیریان خواردووە لە گەمارۆی دوولایەنە لەسەر نەوت و بازرگانی لە ڕێی گەرووی هورمز و بەندەرەكانی ئێرانەوە.

تا ئێستە هیچ ڕێگەچارەیەكی ڕوون نییە بۆ گۆڕانی ئەو دۆخە ناهەموارە، تێچووی داوای لایەنێك بۆ كۆتاهێنان بەو چەقبەستووییە زۆر گەورە و زەبەلاحە، بەڵام تێچووی مانەوە لەو چەقبەستووییە زۆر كەمترە، ئەمەیش وایكردووە كە گەمارۆی دوو لایەنە لەلایەن هەردوولاوە بژارەیەك بێ كە كەمترین زیانی هەیە بۆ هەریەك لە ئەمەریكا و ئێران تا داهاتوویەكی نزیك.

دۆخەكە بۆ واشنتن نموونەیی نییە، بەڵام خۆی بە دوور گرتووە لە شكست و پەرەسەندنی تەواوەتی گرژییەكان لە یەك كاتدا، سەرەڕای ئەوەیش بە جۆرێك لە جۆرەكان ئەو حاڵەتەی ئێستە بوونی هەیە لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە، چاوەڕوان دەكرێ هەڵوێستی ئێران بە خێرایی بەرەو سازشكردن هەنگاو بنێت، بەهۆی ئەوەی ئەمەریكا نەوتی كۆگەكراوی یەكجار زۆری هەیە و دەتوانێ پشتی پێ ببەستێت، لە بەرانبەردا زۆرینەی ڕەهای هەناردەی نەوتی ئێران و بەشێكی سەرەكی دراوی قورسی لە دەست داوە، بەردەوامبوونی گەمارۆكان هەنگاو هەنگاو گوشارەكان سەر ئێران قورستر دەكات و ناچاریان دەكات لە دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا نەرمتر بن، بۆیە دواجار ئەمە بۆ چارەسەرێكی مامناوەندی سەر دەكێشێت كە ئەمەریكایش پێی ڕازی دەبێت. دەكرێ بەرەنگارنەبوونەوە و پەنانەبردنی تاران بۆ پەرەسەندنەوەی گرژییەكان، بەهۆی هەرەسی دۆخی ناوخۆی وڵاتەكە بێت، ئەمە دەبێتە ململانێیەكی ناوچەیی نوێ كە ئەمەریكایش تێوەی دەگلێت.

سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەرنجی لەسەر خۆبەدوورگرتن لە مەترسی وێرانكەر دەبینێتەوە، بۆیە دەستی بە بەردەوامیدان بە گەمارۆكان گرتووە، ئەگەر ئێران ئامادەیی سازشكردنی نەبێت، ئەوا واشنتن دەتوانێ ئابووری و سوپای ئێران بە تەواوی لاواز بكات، بەمشێوەیەیش دواجار گەرەنتی ئەوە دەكرێ كە تاران چیتر پێگە بەهێزەكەی لە ناوچەكە، هاوشێوەی بەر لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە حەوتی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2023 نامێنێت. ئەمەیش دواجار دەبێتە سەركەوتنێكی یەكلاكەرەوە بۆ ئەمەریكا.

لە حوزەیران/یۆنیۆی ڕابردوو، واشنتن و تاران لەسەر یاداشتی لێكگەیشتن ڕێككەوتن بۆ بەردەوامیدان بە ئاگربەست و دەستكردن بە گفتوگۆكان و كردنەوەی گەرووی هورمز، بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنە دەبوو لە ماوەی 60 ڕۆژ لەسەر ناكۆكییەكانی نێوانیان بگەن بە ڕێككەوتن، لەوانەیش كۆتوبەندكردنی بەرنامەی ناوكۆی ئێران و هەڵگرتنی سزاكانی ئەمەریكا و وڵاتانی دنیا، هەڵگرتنی سزای دارایی سەپێنراو بەسەر ئێران، بەڵام دانوستانەكان بەر لەوەی بە ڕێككەوتنی كۆتایی بگەن، هەرەسیان هێنا. هۆی سەرەكی ئەمەیش بۆ شكستهێنانی ئێران لە كردنەوەی گەرووی هورمز بە تەواوەتی دەگەڕێتەوە.

ئێستە هەریەك لە واشنتن و تاران گوشاری ئابووری بۆ سەر یەكتر تاقی دەكەنەوە، ئێران دەیەوێ گوشار لەسەر ئابووری دنیا دروست بكات و لایەنی دووەم واتە واشنتن بهێنێتەوە سەر مێزی دانوستانەكان، تا بە مەرجەكانی ئێران ڕازی ببێت.

مانەوەی گەرووی هورمز بە داخراوی نرخی بەنزین و غاز لە ئەمەریكا بەرز دەكاتەوە و هەڵئاوسان دروست دەكات، ئەمەیش دۆسیەیەكی زۆر هەستیارە لەگەڵ نزیكبوونەوە لە هەڵبژارنی نیوەیی ئەمەریكا لە مانگی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری ئەمساڵ. نرخی سووتەمەنی لە ئەمەریكا زیاتر بەرز دەبێتەوە، ئەگەر ئێران سنوورێك بە دەرچوونی ملیۆنان بەرمیل نەوت دابنێت كە بە گەرووی هورمز ڕۆژانە تێپەڕ دەبن، ئەمەریكا بە كردار بەشێكی زۆری جبەخانەكەی لە دەست داوە و سوپاكەیشی لە ناوچەكە بەردەوام لە ناو جەنگدان.

بەگشتی پرۆسەكە تێچوویەكی گونجاوی هەیە بە بەراورد بە ململانێكانی پێشوو لە ناوچەكە، وەك ئەوەی گورزی سەربازی لە ئەفغانستان و عێراق وەشاند كە تێچووەكەی گیانی هەزاران سەرباز و تریلیۆنان دۆلاری ئەمەریكی بووە. لە بەرانبەردا جەنگ دژی ئێران تا ئێستە كوژراوی تەنیا 18 سەربازی ئەمەریكی لێ كەوتووەتەوە و تێچووی جەنگیش تا ئێستە نەگەیشتووەتە تریلیۆنان دۆلار.

كشانەوەی تەواوەتی ئەمەریكا لە گەرووی هورمز و ناوچەكە بێ ئەوەی ئێران سازش بكات، هەڵگرتنی گەمارۆكان، كارێكی تەواو ئەستەمە، چونكە ئەوە ڕێ بە ئێران دەدات سەركەوتنی تەواوەی خۆی ڕابگەیەنێت، ئەمە پاڵنەرێكی دەروونی بە تاران دەدات كە زیاتر دەستوەردان لە ناوچەكە بكات و پەرە بە حزبە بریكارەكانی لە وڵاتانی ناوچەكە ببات. دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمزیش بۆ ئازادی كەشتیوانی لەلایەن تارانەوە ڕەت دەكرێتەوە، لە ئەگەری كردنەوەیشی ئێران دەیەوێ رسووماتی هەمیشەیی بەسەر جووڵەی كەشتییەكان بسەپێنێت، ئەمەیش ئابووری ئێران بە خێرایی دەبووژێنێتەوە.

بژارەی سەربازی یەكێكە لە بژارە ناسەرنجڕاكێشەكان بۆ واشنتن، ڕژێم بە كردەیی خۆڕاگرانە ماوە، دوای ئەوەی بەشی زۆری سوپاكەی لە دەست دا و تەنانەت ژێرخانی نەوت و وزە و گواستنەوە و گەیاندنیش بە وردی بۆردمان كران، بەڵام ئەو هێرشانە بە مانای ئەوە نایەن كە تاران لەم ڕێگەیەوە دەیەوێ سازش بكات و بە مەرجەكانی ئەمەریكا ڕازی ببێت.

یەكێكی تر لە بژارەكانی دەستی ئەمەریكا هێرشی وشكایی و سەربازییە، ئەمەیش تێچووی یەكجار زۆرە و هەزاران سەربازی ئەمەریكا تێیدا دەبنە قوربانی و ناوچەكە بە تەواوی دەشڵەژێت، بۆیە باشترین بژارە لە ئێستە بریتییە لە بەردەوامبوون لە سەپاندنی گەمارۆ و سزاكان، ئەمە پرۆسەیەكی گوشاری هەنگاو بە هەنگاوە و دواجار ئەمە ئێران ناچار دەكات كە بێتەوە سەر مێزی دانوستان، یان خراپبوونی تەواوەتی دۆخی ژیانی خەڵك و دروستبوونی ڕاپەڕینی ناوخۆ دێتە پێشەوە، ئەمەیش پێویستی بە سەبر و ئارامگرتنی زۆر هەیە.

تا ئێستە تێچووی گەمارۆی ئێران بۆ سەر گەرووی هورمز و ڕێگەنەدان بە تێپەڕینی نەوت قبووڵكراوە، سەرەڕای تێپەڕینی شەش مانگ بەسەر دەستپێكی جەنگ، بەڵام ئابووری دنیا بەشێوەیەكی زۆر كەم كاریگەریی لەسەر دروست بووە، بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی سندووقی نەخیتنەی نێودەوڵەتی، لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێ، گەشەی ئابووری دنیا لە 2026 بە ڕێژەی 0.1 خاڵ رووی لە پاشەكشە كردووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *