“ترەمپ زۆر چاوەڕێ ناكات تا ئێران وەڵامی داواكارییەكانی بداتەوە”

بینەر: (974)

دانوستانی نێوان ئەمەریكا و ئێران خەریكە دەگاتە دوا دەرفەت كە ئەمەریكا بە ئێرانی داوە و لەوەیش زیاتر دۆخەكە توندتر دەبێت، باڵوێزی ئەمەریكا لە ناتۆ دەڵێت، سەرۆكی ئەمەریكا زۆر چاوەڕێ ناكات تا ئێران وەڵامی داواكارییەكانی بداتەوە.

پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی “ئەهرام”ی میسری، ئەمڕۆ دووشەم دووی شوبات بڵاوی كردووەتەوە، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی هەڕەشەكانی ئەمەریكا لە دژی ئێران، ناوچەكە بەرەو جەنگێكی هەرێمی دەبات، وێڕای ئەوەی ئەمەریكا دوا دەرفەتی بە ئێران داوە كە بە داواكارییەكانی رازی بێت، بۆ ئەوەیش كۆبوونەوە لەگەڵ ناوەندگیرەكان دەست پێ دەكات، بۆ ئەوەیش مات ویتاكر باڵوێزی ئەمەریكا لە ناتۆ رای گەیاند، سەرۆك زۆر چاوەڕێ ناكات تا ئێران وەڵامی داواكارییەكانی بداتەوە.

وەك كەناڵی “قاهیرە بۆ هەواڵ” لە هەواڵێكی پەلەدا ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، باڵوێزی ئەمەریكا لە ناتۆ زیاتر رای گەیاند، ئەو دەرفەتەی بە ئێران دراوە كە داواكارییەكانی ئەمەریكا جێبەجێ بكات، دوا دەرفەتە و ئیتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئامادە نییە زۆر چاوەڕێی وەڵامی ئێران بۆ داواكارییەكانی بكات.

مات ویتاكر دووپاتی كردووەتەوە كە بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆم لەلایەن ئێرانەوە، هێڵی سوورە و ئەویش بڕیاری رژدی ترەمپە، جیالەوەی چەندان مەرجی تری ئەمەریكا بۆ ئێران خراونەتەڕوو كە پێویستە جێبەجێیان بكات. ئەگەر نا ئەوا ئێران رووبەڕووی هێرشی سەربازیی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەبێتەوە.

چەند سەرچاوەیەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرایان كردووە، هەریەك لە وڵاتانی توركیا و میسر و قەتەر ناوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتن دەكەن، كار دەكەن كە لە چەند ڕۆژی داهاتوو شاندی هەردوو وڵات بە فەرمی لە ئەنكەرە كۆ ببنەوە، چاوەڕوانیش دەكرێ ستیڤ ویتكۆڤ نێردەی تایبەتی كۆشكی سپی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لە ئەنكەرە دابنیشێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *