لەبارەی دۆسیەی گەندەڵییەكانی عەدنان جومەیلی، دەستەی دەسپاكی عێراق دەستبەسەرداگرتنی بڕێكی تری لە موڵكوماڵ و پارە و خانووبەرە راگەیاند، كە سامانی بە دەستهاتوون لە ڕێی گەندەڵییەوە لەلایەن بەڕێوەبەری نووسینگەی جومەیلییەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 31ی ئاب، دەستبەسەرداگرتنی بڕی حەوت ملیار دینار و پێنج ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، لەگەڵ 35 خانوو و ئۆتۆمبێل راگەیەنرا كە لەلایەن بەڕێوەبەری نووسینگەی جومەیلییەوە دزرابوون.
وەك دەستەی دەسپاكی ئاشكرای كردووە، تۆمەتباری دەستبەسەركراو “عەلا موحسین خەلەف” بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆمەتبار “عەدنان جومەیلی” بووە و دەستی لە دۆسیەكانی گەندەڵیدا هەیە.
دەستەكە لەڕێی ئاشكراكردنی بەڵگەی تەواوەوە توانیویەتی دەست بەسەر بڕی حەوت ملیار دیناری عێراقی و پێنج ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری ئەمەریكیدا بگرێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ خەزینەی دەوڵەت، جیا لەوەی 35 خانوو و شەش ئۆتۆمبێل لەناو دۆسیەكەدا هەبوون.
دۆسیەی عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری پاڵاوتن، ماوەی دوو مانگە بەردەوامیی هەیە و لە كاتی سەردانیان بۆ هەرێمی كوردستان، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی عێراق گوتی، ئەو هەڵمەتە بەردەوام دەبێت.
















Leave a Reply