لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لە وەڵامی هێرشێكی مووشەكیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر كەشتییە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە كەنداو، سوپای ئەمەریكا هێرشی كردە سەر چەند كەشتییەكی نەوتبەری ئێران، سەرچاوەیەكی ئاگەداری ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە لە بەرانبەر هەر هێرشێكی ئێران بۆ سەر كەشتییەكانی ئەمەریكا، واشنتن تەنیا بە لێدانی سەكۆكانی هەڵدانی مووشەك وەڵام ناداتەوە، بەڵكو كەشتییەكانی ئێران دەكاتە ئامانج.
سەرچاوەكە گوتی، لێدوانەكانی پیت هیگسیس وەزیری جەنگی ئەمەریكی لەبارەی ئەگەری كردنەئامانجی كەشتییە نەوتییەكانی ئێران، بەرجەستەی گۆڕانكاری لە بەرپەرچدانەوەی ئەمەریكا دەكات، واشنتن هەوڵی گەورەكردنی زیانەكانی ئێران بەرانبەر بە هەر هێرشێكی بۆ سەر كەشتییەكانی لە رێگەی كردنەئامانجی خاڵی لاوازی تاران دەدات، لەپێشەوەی جموجۆڵی هەناردنی نەوت و كەشتیگەلی بازرگانی سەر بە سوپای پاسداران.
هەر بەپێی سەرچاوەكە، هێزەكانی ئەمەریكا پلانی ئامادەیان هەیە بۆ مامەڵەكردنی لەگەڵ سیناریۆ جیاجیاكانی شەڕ لە ناوچەكە، بۆیە كاردانەوەی ئەمەریكا لەو قۆناغەدا دەوەستێتە سەر جموجۆڵەكانی ئێران لە كەنداو و كەنداوی عومان و گەرووی هورمز، هەر هەوڵێكی بۆ فرەوانكردنی بازنەی هێرشەكانی لە دژی هێز و كەشتییەكانی ئەمەریكان وا دەكات واشنتن لیستی ئامانجەكانی بە هەنگاو فرەوانتر بكات، ئەمەریكا قبووڵی ناكات ئێران هاوكێشەیەك بسەپێنێت تیایدا بێ دانی باجی گەورە كەشتییەكانی ئەمەریكا بكاتە ئامانج.
















Leave a Reply