هۆكاری سەرسووڕان و رشانەوە لە كاتی گەشتكردن چییە؟

بینەر: (995)

هەندێك كەس لە كاتی گەشتكردن بە ئۆتۆمبێل و فڕۆكە و كەشتی، تووشی سەرسووڕانی جووڵانەوە دەبن و كەشوهەوای گەشتەكەیان لێ تێك دەچێت، ئەگەرچی حاڵەتەكە كاتییە و چەند نیشانەیەكی كاتی هەیە وەك سەرسووڕان و سەرئێشە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هێڵنج و رشانەوە.

رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز”ی ئەمەریكی لە باسی هۆكارەكەی دەڵێت، بەپێی بیردۆزە زانستییەكان، ئەو سەرسووڕانە بەهۆی بەریەككەوتن و پێچەوانەیی هەستەكانی لەشەوە دروست دەبێت، بۆ نموونە تۆ لەناو ئۆتۆمبێلێكی جوولاوە كتێب دەخوێنیتەوە، چاوەكانت لەسەر لاپەڕەی كتێبەكەن و جێگیرن، بەڵام گوێی ناوەوە سەرنجی لەسەر جووڵەی ئۆتۆمبێلەكەیە و ئەو حاڵەتە دروست دەبێت.

هەندێك لە توێژەران پێشبینی دەكەن كە سەرسووڕانەكە بەهۆی جیاوازی نێوان پێشبینی مێشكە لە جووڵەكردن و ئەوەی بە كردەنی هەستی پێ دەكات، ئەو جیاوازیەش وەك ژەهرێك دادەنرێت كە پێویست بە كردنەدەرەوەی دەكات، بۆیە ئەو كەسە دەڕشێتەوە، تەمەن و رەگەز رۆڵیان لە ئەگەری تووشبوون بەو حاڵەتە هەیە، زیاتر منداڵ و ژن تووشی دەبن، بۆماوەش رۆڵی هەیە.

بۆ كەمكردنەوەی ئەو حاڵەتە باشترین شت خۆپاراستنە، لەوانە وەرگرتنی چەند دەرمانێك وەك دژە هیستامین، بە خواردنی بەر لە گەشتكردن، دانیشتن لە كورسی پێشەوەی ئۆتۆمبێل و ناوەڕاستی فڕۆكە و لەناو كەشتیش سەیری دوور بكرێت، هەڵمژینی قووڵ و بەركەوتنی هەوای پاك و گوێگرتنی میوزیك و هەڵمژینی بۆنی خۆش.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *