ئوسامە نوجەیفی سەرۆكی پێشتری پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی موتەحیدوون، رەتی دەكاتەوە هیچ قەوارەیەكی سیاسی دامەزراندبێت بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی پێكهاتەی سوننە بكات.
ئەمڕۆ دووشەم حەوتی ئەیلوول، نووسینگەی ئوسامە نوجەیفی راگەیەنراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، “ئەو هەواڵەی بڵاو كراوەتەوە گوایە ئوسامە نوجەیفی لیژنەیەك یان دەستەیەكی ئامادەكاریی پێكهێناوە، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی سوننە بكات، دوور لە راستییەوە”.
نووسینگەكەی دووپاتی دەكاتەوە كە ئەگەر شتێكی وا هەبێت، ئەوا بە روون و بە بوێرییەوە نوجەیفی بڵاوی دەكاتەوە.
دوای رووخاندنی رژێمی بەعس، بنەماڵەی نوجەیفی یەكێك بوو لە لایەنە دیارەكانی سوننە و پێگەی سەرەكییان لە شاری مووسڵ بوو، خولێكی پەرلەمانیش ئوسامە نوجەیفی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بوو، براكەیشی بە ناوی ئەسیل پارێزگاری مووسڵ بوو، بەڵام ئێستە پێگەی جەماوەرییان نەماوە.
















Leave a Reply