فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی كۆڵۆمبیا ئەمڕۆ رای گەیاند، شەوی رابردوو بەهۆی تێكشكانی فڕۆكەیەكی سەربازی، 66 سەرباز گیانیان لە دەست داوە و چوار سەربازی تریش تا ئێستە دیار نین و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە. هۆكاری تێكشكانی فڕۆكەكە تا ئێستە ئاشكرا نەكراوە.
پێگەی “شەفەق نیوز” ئەمڕۆ سێشەم 24ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، جەنەراڵ هۆگۆ ئەلیخاندرۆ لۆبیز باریتۆ فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی كۆڵۆمبیا روونی كردووەتەوە، شەوی رابردوو فڕۆكەیەكی سەربازی لە دوای هەستانی بۆ ئەركێك، هەر لە وڵاتەكەدا تێكشكاوە، 66 سەرباز كوژراون و چواری تریش دیار نین، ژمارەیەكی تریش لە سەرباز و تیمی فڕۆكەكەیش رزگار كراون.
باریتۆ زیاتر گوتی، ئەوانەی گیانیان لە دەست داوە بریتین لە 58 سەرباز و شەش لە هێزەكانی ئاسمانی و پۆلیسن.
لەلایەكی تریشەوە كارلۆس كڵاروس بەرپرسی حكوومەتی بویرتۆ لیگویزامۆ بۆ كەناڵی “ئار سی ئێن” گوتوویەتی، هەوڵی رژد درا تا بریندارەكان رزگار بكرێن كە لە 81 كەس پێكدێن و لە نەخۆشخانەكان چارەسەر دەكرێن.
ئاماژە بەوە دراوە، لەناو فڕۆكەكە كە لە جۆری “هێركۆلیز سی 130″یە، 114 سەربازی تێدا بووە، جیالەوەی تیمە فڕۆكەوانییەكەیش لە 11 كەس بوون. “تا ئێستە هۆكاری تێكشكانی فڕۆكەكە ئاشكرا نەكراوە و لێكۆڵینەوەی ورد لە رووداوەكە دەكرێت.
















Leave a Reply