لە بەدرخانەوە بۆ زیندانەکانی دەسەڵات؛ هەڵوەستەیەکی داکۆک لە یادی ڕۆژنامەگەریدا

بینەر: (107)

ڕێکخراوی داکۆک لە چوارچێوەی چالاکییەکەیدا بۆ یادی ١٢٨ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی، بەراوردێکی مێژوویی قووڵ و پڕ ئازاری خستەڕوو لە نێوان سەردەمی سەرهەڵدانی یەکەمین ڕۆژنامە و واقیعی ئەمڕۆی میدیا لە هەرێمی کوردستان. لەم ڕێوڕەسمەدا کە بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی فراوانی کوردانی بریتانیا بەتایبەت چالاکوانانی لەندەن و مانچێستەر بەڕێوەچوو، ئەندامانی داکۆک جەختیان لەوە کردەوە کە جێگەی شەرمەزارییەکی گەورەیە دوای زیاتر لە سەدەیەک لە خەبات، دەسەڵاتی باشووری کوردستان گەڕاوەتەوە بۆ خاڵی سفر لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەڵەمی ئازاددا. بەپێی زانیارییەکانی وێبسایتی ڕێکخراوەکە، چالاکییەکە تیشکی خستە سەر ئەو تراژیدیایەی کە ڕۆژنامەگەری کوردی لە قۆناغی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری نەتەوەییەوە، ئێستا بووەتە هۆکارێک بۆ ڕاپێچکردنی نووسەران بەرەو زیندانە تاریکەکان.

وێنەى بەشداربوان لە شارەکانى لەندەن و مانچستەر لە پێگەى فەرمى ڕێکخراوەکە لە فەیسبووک وەرگیراوە

داخستنی دامەزراوە میدیاییە سەربەخۆکان و سانسۆری توند، وەک خاڵێکی ڕەشی مێژووی دەسەڵات لەلایەن ئامادەبووانەوە ناوزەد کرا. بەشداربووانی ڕەوەندی کوردی بە یەکدەنگی پشتگیری خۆیان بۆ ئەو میدیاکارانە دەربڕی کە سەرباری هەڕەشەکان، بەردەوامن لە گواستنەوەی ڕاستییەکان. ئەم هەڵوەستە مێژووییەی داکۆک پەیامێکی گرنگ بوو بۆ هێشتنەوەی ڕۆحی بەرەنگاربوونەوە و هاندانی چالاکوانان بۆ ئەوەی میراتی ١٢٨ ساڵەی ڕۆژنامەگەری بەزیندویی بهێڵنەوە و تەسلیمی ئەو ستەمکارییە نەبن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *